حکوومەتی هەرێم بەم مەرجە پشتگیری لە سەرژمێری دانیشتووان دەکات

پەیامی کورد   ...   حکوومەتی هەرێم بەم مەرجە پشتگیری لە سەرژمێری دانیشتووان دەکات

چوارشەممە 6ی نۆڤەمبەری 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و بە سەرکەوتنی خەڵکی کوردستانی ناوبرد و ووتی پرۆسەکە بە پێی هەڵسەنگاندنی چاودێرەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی سەرکەوتوو و لە کەشێکی ئارام و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی بەڕێوەچوو، کە ئەمەش دەستکەوتێکە بۆ خەڵکی کوردستان و پرۆسەی دیموکراسی و نیشانەی ئاستی بەرزی هوشیاری خەڵکی کوردستانە.

سەرۆک وەزیران هەروەها جەختی کردەوە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە سەرەکییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی، تا پێکهێنان و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دوا پێشهاتی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عێراق لەلایەن دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان خرایە ڕوو. کە ئاماژەی بە دەرەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ لە بەغدا لە 2024/10/31 بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و وەزیری پلاندانانی فیدراڵ و وەزیرە کوردەکانی حکوومەتی فیدراڵ کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم تەوەرەدا، ئاماژە بە بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ درا سەبارەت بە پرسی سەرژمێری دانیشتووان و هەڵسەنگاندن بۆ بڕگەکانی بڕیارەکە کرا.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری پلاندانان و شاندنی حکوومەتی هەرێم کە شێلگیرانە داکۆکیان لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کردووە، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان بۆ مەبەستی گەشەپێدان دووپات کردەوە، هەروەک جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، چەندین سەرنج و تێبینی لە سەر پرۆسەیە تۆمارکردووە تاوەکوو سەرژمێریەکە جێی ڕەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت و بەلاڕێدا نەبرێت بۆ مەبەستی دیکەی جگە لە مەبەستی گەشەپێدان. هەروەها جەخت کرایەوە کە دەبێت ئەم سەرژمێرییە، بە هیچ شێوەیەک، بۆ مەبەستی سیاسی بەکار نەهێنرێت و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیشی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ( ناوچە کێشە لەسەرەکان) نەبێت و بەهیچ جۆرێک نابێت ببێتە جێگرەوەی ئەو میکانیزم و ڕێکارە دەستوورییانەی لە ماددەی 140ی دەستووری عێراق جێگیر کراون ، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵیش لە بڕیاری ژمارە 73ی ساڵی 2010 جەختی لێ کردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ئەو پێشنیارانەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەم پرسە پەسەندکران، بگەیەننە حکومەتی فیدڕاڵ و داواش لە هەموو لایەنە کوردستانییە پەیوەندیدارەکان لە هەرێم و بەغدا کرا کە لەمبارەیەوە، پشتیوان و هاوکاربن .

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لە بارەی دوا پێشهاتەکانی بارودۆخی دارایی و مووچە و بابەتی ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و هەندێک ڕێکاری نوێی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 ، کە لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون خرایە ڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵ لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، مووچەی هەرێمی کوردستان دوانەخات یان لێی ببڕێت و ڕێگری نەکات لە دابینکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم ، بەڵکوو پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆران لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ، مووچەی هەرێمیش لە کاتی خۆی و بە بێ کەموکوڕی خەرج بکات هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵ بە ڕوونی لە بڕیارەکانیدا داوای کردووە بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ ناکۆکییەکی نێوان هەردوو حکوومەت نەکرێت، بەو پێیەی شایستەی یاسایی مووچەخۆرانە و دەبێت بە دوور بگیرێت لە هەر ناکۆکیەکی سیاسی، تەنانەت ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە دوا بڕیاری خۆی، وەزارەتی دارایی عێراقی پابەند کردووە کە بەردەوام بێت لە خەرجکردنی مووچەی هەرێم تا کۆتایی ئەمساڵ. هەروەها وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم ، لە ماوەی ڕابردوودا، سەرجەم کەموکورتی لیستەکانی مووچەیان ڕاستکردووەتەوە و ناردویانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەتریان ئەنجام نەداوە یان ژمارەی وەزیفی بێ هاوتایان نیە، ڕۆژی 20ی ئەم مانگە وەک دوا وادە دەستنیشانکراوە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەکات کە بە زووترین کات، مووچەی مانگی 10 خەرج بکات و ڕێکاری جیاکاری بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگرێتە بەر لە جێبەجێکردنی یاسای بوودجە و ڕێکارە داراییەکان.

لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆ لەبارەی نوێترین پێشنیاری حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە هەموارکردنەوەی ماددەی 12ی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت کرا و ئەنجامی دوا کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان، لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و شاندی دانووستانکار خرایە ڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات کردەوە کە دەبێ هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەست پێ بکاتەوە کە ئەمەش لە بەرژەوەندی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم و تەنانەت کۆمپانیا نەوتیەکانیشە، ئەنجوومەنی وەزیران هیواخوازە کە هەموارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی عێراق، ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هەرچی زووە نەوتی بەرهەمهێندراوی کوردستانیش، هەناردەی بازاڕە جیهانییەکان بکرێتەوە کە بێگومان ڕۆلێ سەرەکی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گشتی وڵات و برەودان بە وەبەرهێنان لەم بوارەدا.


ئەم بابەتە 30 جار خوێندراوەتەوە