حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی خۆی لە ھەموو کوردستان جێبەجێ دەکات

پەیامی کورد   ...   حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی خۆی لە ھەموو کوردستان جێبەجێ دەکات

ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت : گوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی گازی ماڵان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە، بەڵام ئەو بابەتە ڕاست نییە و هیچ گرێبەستێکی لەو شێوەیە نەکراوە. لەبارەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، ووتی: پڕۆژەکە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانە و ڕەچاوی دۆخی ژیانیان کراوە.

دەقی ڕاگەێندراوەکەی ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

لە چەند کەناڵێک وا بڵاوکراوەتەوە گوایە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی گازی ماڵان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە کە بەرپرسبێت لە دابەشکردنی گازی ماڵان، ئەم بابەتە ھیچ ڕاستییەکی نییە و ھیچ گرێبەست و ڕێککەوتنێک لەگەڵ کەس لە ئارادا نییە و شێوازی بەدەست گەیشتنی گاز بەھەمان سیستەمی ئێستا دەبێت کە بەنرخی پاڵپشتیکراوە لەلایەن حکوومەتەوە.

لە ھەمان کاتدا ئەوانەی (دژی ڕووناکین) ھەڵمەتێکی میدیایی مەبەستدارییان دەستپێکردووە! دژی پڕۆژەی ڕووناکی و دەیانەوێت لە گرینگی پڕۆژەکە بدەن، ئێمە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە بە ڕەچاوکردنی دۆخی ھاووڵاتییانمان و بەرژەوەندی ئەوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی خۆی لە ھەموو کوردستان جێبەجێ دەکات و بۆ یەکەمین جار دوای چەندین ساڵ حوکمڕانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی کارەبای ۲٤ کاتژمێری.

ئێستاش ژمارەی ھاوبەشانمان لە پڕۆژەی ڕووناکی بۆتە ۸٦ ھەزار خێزان و ھەموو خێزانەکانیش لە داھاتوو سوودمەند دەبن.

داواکارین میدیاکاران بە ئەمانەت و بە بەرپرسیاری پیشەیی یانە زانیاری بگەێننە وەرگرانییان و کارێک نەکەن پیشەیی بوون و ڕاستگۆییان نیشانەی پرسیاری لەسەر درووست ببێت کە بەداخەوە لەسەر بەشێکیان درووستبووەو بەپێچەوانەوە لەمەودوا داوای یاساییان لەسەر تۆماردەکرێت، لە ئەگەری بڵاوکردنەوەی ھەواڵی ناڕاست.

 

پێشەوا ھەورامانی

ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان


ئەم بابەتە 58 جار خوێندراوەتەوە