حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە دھۆکیش جێبەجێ دەکات
پەیامی کورد ... حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە دھۆکیش جێبەجێ دەکات
بەڕێوبەری گشتی کارەبای پارێزگای دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پلانی پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سنووری پارێزگای دھۆکیش جێبەجێ دەکرێت.
شاکر مەحموود، بەڕێوبەری گشتی گواستنەوەی کارەباری دھۆک، ڕایگەیاند: ھەموو ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دابین بکات، لە ئێستادا بەپێی پلانی حکوومەت پڕۆسەی پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانی دەستی پێکردووە و بڕیارە پڕۆسەکە لە سنووری پارێزگای دھۆکیش جێبەجێ بکرێت، کە بە چەند قۆناغێک کارەبای ٢٤ کاتژمێری بە ھاووڵاتیان دەدرێت.
بەڕێوبەری گشتی کارەبای دھۆک دەشڵێ: پڕۆسەی پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، پڕۆسەیەکی سەرکەوتووە و لەو ناوچە و گەڕەکانەی جێبەجێ کراوە، ھاوبەشانی کارەبا زۆر لێی ڕازین، چوونکە کارەبای نیشتیمانییان کراوەتە ٢٤ کاتژمێر و بە سیستەمی پریپەید کار دەکات.
شاکر مەحموود ڕوونیشیکردەوە: ئێمە پێشتر پڕۆسەی کارەبای پریپەیدمان ھەبوو لە دھۆک و لەناو سەنتەری دھۆک و قەزای ئامێدی ئەنجام دراوە، بەڵام ئێمە کارەبای ٢٤ کاتژمێریمان نییە، لەبەر ئەوەش تەنیا بە سیستەمی پریپەید کار دەکات لەو کاتەی کارەبای نیشتیمانی ھەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا ھەیە زۆر باشترە، چوونکە کارەبای بەردەوام بە ھاووڵاتیان دەدات.
ئەم بابەتە 25 جار خوێندراوەتەوە