حکوومەتی ھەرێم ، بۆ دابینکردنی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 لە ھەوڵی بەردەوام دایە
پەیامی کورد ... حکوومەتی ھەرێم ، بۆ دابینکردنی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 لە ھەوڵی بەردەوام دایە
چوارشەممە 27ی نۆڤەمبەری 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی بەڕێوەچوونی قۆناخی فۆرمی خێزانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان و ئاڤاهیان بە سەرکەوتوویی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەکە خستەڕوو.
وەزیری پلاندانان، ئاماژەی بە ڕێکار و هەنگاوەکانی پێشووی حکوومەتی هەرێم دا بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی درووست بۆ دانیشتووان کە تەنیا بە ئامانجی پەرەپێدان بێت و بۆ هیچ مەبەستێکی دیکەی سیاسی، بەکار نەهێنرێت و بە هیچ جۆرێک، نەبێتە جێگرەوەی ڕێکار و میکانیزمە دەستووریەکان، بە تایبەتیش لە ناوچە کوردستانیەکانی دابڕێنراو لە هەرێمی کوردستان، کە دواجار بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، سەرجەم پێشنیار و تێبینی وسەرنجەکانی حکوومەتی هەرێم جێگیرکران.
دواتر وەزیری پلاندانان، ئەنجامی سەرەتایی داتاکانی قۆناخی فۆرمی خێزانی سەرژمێری گشتی خستەڕوو کە بە فەرمی لە لایەن وەزارەتەوە بۆ ڕای گشتیش خرابووە ڕوو، کە پێویستە لەمەودوا، ئەو ڕێژەیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە لای حکوومەتی فیدڕاڵ بۆ ژمارەی بەشداری نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوە دەستووریەکانی فیدڕاڵ و دیاریکردنی بەشە بوودجە و مووچەی هەرێم، لە سەر ئەم ڕێژە نوێیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم و سەرەڕای بەشی هەرێم لە پلەی وەزیفی تەرخانکراو و خەرجی و تەرخانکراوی دارایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆش، پێویستە وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم، لە ئێستاوە ئامادەسازیی بکەن تا بۆ پڕۆژە و چالاکییەکانیان بۆ مەبەستی پەرەپێدان، پشت بە داتا و زانیاریە پەسەندکراوەکانی ئەم سەرژمێرییە ببەستن، بۆ ئەوەی بڕیاری زانستییانە و دروست بدرێت.
وەزیری پلاندانان لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی، ئاماژەی دا بە قۆناخەکانی دیکەی پرۆسەی سەرژمێری ، کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوو، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ ئەنجام بدرێت و بەتایبەتیش ، بەراوردکردنی زانیارییەکان (مقاطعة البیانات) لە ناوچە کوردستانیەکان، بەو شێوەیەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و فیدڕاڵ بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەری ڕێکكەوتون.
ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە دانیشتووانی هەرێم و بە تایبەتیش کوردی ناوچە کوردستانیەکان کە بە پەرۆشەوە و نیشتیمانیانە و دڵسۆزانە، بەشداربوون لە سەرکەوتنی سەرژمێریی، لە هەمانکاتدا، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی وەزیری پلاندانان و تیمەکەی و سەرۆکی دەستەی ئامار و بەڕێوبەری ئامار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانبەران و کارمەندانی دەستەکە و سەرجەم ئەو بژمێرانەی کە بەشدار بوون لە پرۆسەکە و ڕۆڵی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کرد کە هاوکار بوون بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و وەزارەتی پەروەردە لە سەرخستنی پرۆسەکە بەرز نرخاند.
لە هەمانکاتیشدا ئەنجوومەنی وەزیران، نیگەرانی خۆی لە هەژمارنەکردنی سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی سنووری هەرێمی کوردستان لە قەزای شێخان و زلکان و کەڵەکچی و ناحیەی فایدە و بەشێک لە قەزای سێمێل و قەزاکانی بەردەڕەش و خەبات و مەخموور لە سەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوایکرد کە حکوومەتی فیدراڵ، ئەو ڕێکارە ڕاست بکاتەوە و ئەو خەڵکانە بخاتەوە شوێنی ڕاستی خۆی کە هەرێمی کوردستانە.
ئەنجوومەنی وەزیران سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی نووسراوێک بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ گەیاندنی ئەو پێشنیارانەی کە لە کۆبوونەوەکە پەسەند کران، بە ئاراستەی ئەوەی کە لێرە بەدواوە و بۆ ساڵی دارایی 2025 ،ڕێژەی نوێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بکرێتە بنەما بۆ دیارکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە گشت شایستە دەستووریەکانی خۆی لە حکوومەتی فیدڕاڵ.
بڕگەی دووەم، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پێشنیارێک لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار تایبەت بە پاژەکردن ( بەقیستکردن)ی ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتی زێدەڕۆکار وەردەگیرێت، کە خانووی نیشتەجێیان بە زێدەڕەوی لە سنووری شارەوانییەکان درووستکردووە بۆ مەبەستی نیشتەجێ بوون، بە گوێرەی سەرجەم ئەو مەرج وپێداویستیانەی لە یاسای ژمارە 3 ساڵی 2019 ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە 7 ساڵی 2021 هاتووە، کە تەنیا ئەو هاووڵاتییە ئاساییە دەگرێتەوە کە بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون ، زێدەڕۆییان لەسەر زەوی گشتی کردبوو لە چوارچێوەی سنووری شارەوانیەکان.
ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پڕۆژە بڕیارەکەی پەسەند کرد، وەک ئاسانکارییەک بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە یاساکانی ئاماژەپێدراو، دەیانگرێتەوە و توانای داراییان سنووردارە و لە توانایاندا نیە ، کە بڕی پارەی تەملیکی زەویەکە بە یەکجار بدەن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە و سەبارەت بە بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ ، جەخت لەوە کرایەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و هەروەک لە دوا کۆوبوونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیش، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بابەتی مووچە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە.
ئەم بابەتە 94 جار خوێندراوەتەوە