حکوومەتی ھەرێم ڕاستییەکانی بوودجە و مووچە بە داتا و زانیاری بڵاودەکاتەوە
پەیامی کورد ... حکوومەتی ھەرێم ڕاستییەکانی بوودجە و مووچە بە داتا و زانیاری بڵاودەکاتەوە
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەێنێت، دوای پەسندکردنی بوودجەی عێراقی فیدڕاڵ، پشکی ھەرێمی کوردستان بریتی بوو لە زیاتر لە ٢٠ تریلیۆن دینار، بەڵام عێراق تەنیا نیوەی ناردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای پەسندکردنی بوودجەی عێراقی فیدڕاڵ، پشکی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بریتی بوو زیاتر لە ٢٠،٩١٠،٤٦٣،٩٥٠ تریلیۆن دینار.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕوونی کردووەتەوە، ئەو بڕە پارەیە وەکوو پشکی ھەرێمی کوردستان دوای ڕێککەوتنی سیاسی و پەسندکردنی یاسای بوودجەی فیدڕاڵ جێگیر کرا، بەڵام حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق تا ئێستا ١٠.٧ تریلیۆن دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان ناردووە، واتە ١٠.٢ تریلیۆن دیناری لە پشکی ھەرێمی کوردستان نەناردووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، حکوومەتی فیدڕاڵ تەنیا ٦.٤%ـی لە داھاتی گشتیی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان ناردووە، لە کاتێکدا پشکی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بوودجە بریتییە لە ١٢.٦%.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لەوەش کردووە، ئەو ١٠.٢ تریلیۆن دینارەی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستانی نەناردووە، بۆ خەرجییەکانی وەک، تەندرووستی، پەروەردە و شارەوانی، ھێزی پێشمەرگە و دامودەزگەکانی حکوومەت و خەرجییەکانی ژێرخانی ڕێگەوبان و ڕاییکردنی مامەڵەکانی ھاووڵاتییانە.
سەرەڕای ئەوەی عێراق بڕە پارەیەکی ئەم خەرجییانەی نەناردووە، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر داھاتی ناوخۆ بەردەوام بووە لە دابینکردنی ئەو خزمەتگوزارییە گشتییانە بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان.
ئەم بابەتە 78 جار خوێندراوەتەوە