حکوومەت بۆ بەرھەمگەلی ناوخۆیی زیاتر لە ٧٠ کارگە دامەزراوە

پەیامی کورد   ...   حکوومەت بۆ بەرھەمگەلی ناوخۆیی زیاتر لە ٧٠ کارگە دامەزراوە

ووتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانیمان لە ڕێگای درووستکردنی دەیان کارگە، ھەرێمی کوردستان لە ھاوردەکار بۆ ھەناردەکار بگۆڕین، هاوکات ئێستا بەرھەممان بۆ عێراق و دەرەوە ھەناردە دەکرێت و ١٣٥ ھەزار ھەلی کاریش ڕەخسێندراوە.

بەرگەشت ئاکرەیی ، ووتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : یەکێک لە پلان و بەرنامەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردنەوە و دامەزراندنی کارگەی گەورەیە، لەم کابینەیە زیاتر لە ٧٠ کارگەی گەورە و بچووکی وەکوو کارگەی ئاسن، ستیل، وایەر و کێبڵ، مۆبایل و بەرھەمھێنانی بەروبوومی سپیاتی و ھیتر درووستکراوە، ھەروەھا مۆڵەت بە کارگەی درووستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەباییش دراوە، بۆیە لە ھەرێمی کوردستان زۆرترین مووڵەت بە پڕۆژەی پیشەسازی دراوە.

بەرگەشت ئاکرەیی ووتیشی: بڕیارە لە ساڵانی داھاتوو کارگەی زیاتر بکرێنەوە، بۆیە ئێستا کار لەسەر مووڵەت پێدانیان دەکرێت، چوونکە ئامانجمانە لەجیاتی بەرھەم ھاوردە بکەین بەرھەمی ناوخۆ ھەناردەی عێراق و دەرەوەش بکەین، ئێستا بەرھەمی کارگەکانی ئێمە دەچێتە عێراق و دەرەوەی ووڵات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو پلان و بەرنامەیەی دانراوە جێبەجێ کراوە.

ووتەبێژی دەستەی وەبەرھێنان باسی لەوەش کرد : لەم کابینەیە جگە لە درووستکردنی کارگە، ١٣٥ ھەزار ھەلی کار بۆ خەڵک ڕەخساوە و توانراوە پێداویستی ناوخۆ و عێراق و ووڵاتانی دەورووبەر و ووڵاتی دیکەش دابین بکەین، بۆیە ھەنگاوی زۆر باشمان ناوە، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی لە ھەموو بوارێک بەرھەمی ناوخۆمان ھەبێت. 


ئەم بابەتە 37 جار خوێندراوەتەوە