"حکوومەت بۆ زستان، بەم شێوەیە ئامادەکاری بۆ کارەبا دەکات"
پەیامی کورد ... "حکوومەت بۆ زستان، بەم شێوەیە ئامادەکاری بۆ کارەبا دەکات"
بەڕێوبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: ئێستا نزیکەی چوار ھەزار مێگەوات کارەبامان ھەیە، لە ماوەیەکی نزیکدا ٥٠٠ مێگەواتی دیکەش زیاد دەبێت، ئێستا سیانە لە یەکەکانی کارەبا دەکرێت بۆ ئەوەی لە وەرزی زستان بێ گرفت کارەبا بە ھاووڵاتییان بدرێت.
بەڕێوبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشڕەو نوری سەعید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەرھەمھێنانی کارەبا لە نێوان ٣ھەزار و ٨٠٠ بۆ چوار ھەزار مێگەواتە، ئەو وێستگانەی لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن خشتەی سیانەکردنی خۆیان خستۆتە ئێستا، بە حوکمی ئەوەی ئێستا خواست لەسەر کارەبا کەمە، لەسەر داوای وەزارەتی کارەبا سیانەی دەکەن بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ پێدانی کارەبا لە وەرزی زستان، چوونکە کە خواست لەسەر کارەبا زۆربێت سیانەکردن زەحمەت دەبێت، بۆیە ئەم سیانەکردنە ھیچ کاریگەری لەسەر کاتژمێرەکانی کارەبا نابێت، بۆ زیادکردنی بەرھەمیش ئێستا وێستگەی خورمەڵە ٥٠٠ مێگەواتی لە قۆناغی کۆتایی دایە، ھەوڵ دەدرێت بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ بخرێتە ناوتۆڕی کارەبا و بەرھەم زیاد بکرێت، ئەمەش کاریگەری دەبێت بۆ زیادبوونی بەرھەم و کاتژمێرەکانی کارەبا.
پێشڕەو نوری سەعید گوتیشی: سێ پڕۆژەی دیکەشمان ھەیە، ئەویش بەرھەمھێنانی کارەبایە لە خۆر کە بەرھەمیان دەگاتە ٧٥ مێگەوات، گرێبەستیان بۆ کراوە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ئەنجام دەدرێن، جگە لەو، یاسای وەزارەتی کارەبا ڕێگەی بە خەڵک داوە خۆیان بۆ خۆیان کارەبا لە وزەی خۆر لەڕێگەی پڕۆژەی بچووکەوە ئەنجام بدەن، ھەرکاتێک پێویستی بە کارەبا ھەبێت لێ وەردەگرن و ئەوەی زیاد دەخرێتە ناوتۆری کارەبا و بۆیان حیساب دەکرێت و لەکارەبای نیشتمانی بۆی قەرەبوو دەکرێتەوە.
سەعید باسی لەوەش کرد: ئێمە دەمانەوێت لە دوو ڕێگەوە بە پلان و بەرنامە و ئەنجامدانی پڕۆژە کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بکرێتە ٢٤کاتژمێری، ئەویش بە زیادکردنی بەرھەم و کۆنتڕۆڵکردنی کارەبا و دابەشکردنی کارەبا بەسەر خەڵکدا، چوونکە ھەندێک جار خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت، بەتایبەت لە ھاوین و زستان، بۆیە پێویستە ئەو خواستە دابین بکەین ئەو کات دەبێتە ٢٤کاتژمێری، بەڵام بەردەوام ھاوبەشیشمان زیاد دەبن، بۆیە کار دەکەین دوو وێستگەی دیکە گرێبەستیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام پێویستە بەردەوام سووتەمەنییان بۆ دابین بکرێت، بۆیە ئێستا سیانەی سەرجەم یەکەکان دەکرێت و خۆمان بۆ وەرزی زستان ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی زۆرترین کات کارەبا بە ھاووڵاتییان بدرێت.
دەشڵێت: ئێمە وەکو وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتگیری لە پڕۆژەی ڕووناکی دەکەین بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤کاتژمێری، ئێمە ڕۆڵێکی گەورەمان لەو پڕۆژەیە ھەیە، ئێمە و تیمێکی حکوومەت بە هاوبەشی ئەو پڕۆژەیە بە قۆناغ جێبەجێ دەکەین، بڕیارە تا ٢٠٢٦ لە ھەموو کوردستان جێبەجێ بکرێت، ئەو کات چیتر پێویستمان بە موەلیدە نابێت.
بەڕێوبەری بەرھەمھێنانی کارەبای ھەرێمی کوردستان ووتیشی : دانانی پێوەری زیرەکی کارەبا سودێکی زۆر باشی ھەبووە و تا ڕادەیەکی باش توانراوە لەو ڕێگەیەوە کۆنتڕۆڵی کارەبا بکرێت.
ئەم بابەتە 35 جار خوێندراوەتەوە