حکوومەت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی بەبیابان بوون ڕێکاری گرتووەتە بەر
پەیامی کورد ... حکوومەت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی بەبیابان بوون ڕێکاری گرتووەتە بەر
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکی تایبەتدا ڕایگەیاندووە ، باسی ھۆکارەکانی بەبیابان بوون و ڕێگەچارەکان دەکات و دەڵێت: ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ڕێگەگرتن لە بەبیابان بوونی خاكی ھەرێمی کوردستان، لەمێژە "بۆردی ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی" پێک ھێناوە کە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرۆکی دەستەی ژینگە، پارێزگارەکان، سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوبەری فەرمانگەی کەشناسی، نوێنەری وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر تێیدا بەشدارن، کار دەکەن بۆ خستنەڕووی پێداویستییەکانی ھەر سێکتەرێک بەپێی ناوچە و پارێزگاکانی كوردستان و میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ووشکەساڵی و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان. ئەمەی خوارەوە، دەقی دیمانەكەیە:
* بەبیابان بوون چییە؟ بۆچی بووەتە جێگەی بایەخ پێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیھانییەكان؟
عەبدولڕەحمان سدیق: گرینگە بزانین دیارترین ڕەھەندەکانی بەبیابانبوون بریتین لە لەدەستدانی چینی سەرەوەی خاک و گۆڕانی ڕووبەرێکی بەپیتی زەوی بۆ زەوییەکی کەم دەرامەت و ھەژار لە ڕووی ڕووەک و فرەجۆری زیندەوەران و بەرھەمھێنانی کشتوکاڵییەوە، بەڵام ئەوەی گرینگترە ئەنجامی بدەین ئەوەیە، ھەوڵ بدەین بەبیابان بوون لە ھەڕەشەوە بگۆڕین بۆ دەرفەت، چ بە ھەوڵەکانی خۆمان بێت یان بە ھەماھەنگیمان لەگەڵ ووڵاتانی پێشکەوتووی خاوەن ئەزموون لەم بوارەدا، بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی ١٧ی حوزەیرانی ھەموو ساڵێکیان کردووەتە ڕۆژی جیھانیی بەڕەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون، بە مەبەستی خستنەڕووی مەترسییەکانی دیاردەی بەبیابان بوون و ئاسەوارە ترسناکەکانی ووشکەساڵی.
*دەکرێت تیشک بخەیتە سەر دیارترین ھۆکارەکانی بەبیابان بوون؟
عەبدولڕەحمان سدیق: دیارترین ھۆکارەکانی بەبیابان بوون بریتین لە: خراپ بەکارھێنانی زەوی بەھۆی خراپ جێبەجێکردنی پڕۆسە کشتوکاڵییەکانەوە، لەوەڕاندنی ناڕەوا و لە سنوور بەدەر، بڕینەوەی دارستانەکان یان سووتاندنیان، خراپ ئاودێریکردن کە بڕێکی زۆری ئاو بەفیڕۆ دەڕوات، دیاردەی گۆڕانی کەشوھەوای جیھان و کەمیی باران، کشانی خۆڵ و لمی بیابان، ڕووتاندنەوەی زەوی بەھۆی دیاردە سرووشتییەکانی وەک لافاو و نەبوونی دارەوە، کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە ئاوییەکان لەلایەن ووڵاتانی دراوسێوە.
* ئایا نیشانەکانی دیاردەی بەبیابان بوون لای ئێمە دەرکەوتوون؟
عەبدولڕەحمان سدیق: زۆر گرینگە بۆ ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان بڕوانینە گرفتە ژینگەییەکان وەک کێشەیەكی گشتگیری جیھانی، چوونکە زەوی و سیستەمە ئیکۆلۆژییەکەی، سەرچاوەی سەرەکی ژیان و بژێوی گشت دانیشتوان و گیان لەبەرانە، ئەمەش داوای زیاتر تەبایی و کۆکبوونمان لەگەڵ سرووشت و زەوی لێ دەکات، لەپێناو دابینکردنی ھاوسەنگییەکی دادپەروەرانە لەنێوان پێداویستییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نەوەکانی ئێستا و داھاتوو. ووشکەساڵی وەک دیاردەیەک، بە نزیکەی ھەر ١٠ ساڵ جارێک ڕووی لە ناوچەی ئێمە کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەکاری لە بەرامبەردا کراوە بۆ ڕێگەگرتن لە شوێنەوارە مەترسیدارەکانی لە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستاندا، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ڕێگەگرتن لە بەبیابان بوونی خاكی ھەرێمی کوردستان، لەمێژە "بۆردی ڕووبەڕووبونەوەی ووشکەساڵی" پێک ھێناوە کە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرۆکی دەستەی ژینگە، پارێزگارەکان، سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوبەری فەرمانگەی کەشناسی، نوێنەری وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر تێیدا بەشدارن، بۆ خستنەڕووی پێداویستییەکانی ھەر سێکتەرێک بەپێی ناوچە و پارێزگاکان و میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ووشکەساڵی و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان.
* چی کراوە بۆ بایەخدان بە سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستاندا؟
عەبدولڕەحمان سدیق: بۆ ڕێگرتن لە دیاردەی ووشکەساڵی و بەبیابان بوون، پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی یەکێک لە سەرەکیترین پێکھێنەرەکانی ژینگە بدەین، ئەویش ئاوە، لێرەوە پێکھێنانی ئەنجوومەنی باڵای ئاو لە ھەرێمی کوردستاندا، ڕۆڵی گەورەی ھەیە لە ئامادەکردنی توێژینەوەی پەیوەست بە سیاسەتەکانی ئاو و کشتوکاڵ و ژینگە، هەروەها ھەوڵدان بۆ زیادکردنی توانای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکان و بنیاتنانی بەنداوی نوێ و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ئاوی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەردا، چوونکە ئاو وێڕای ئەوەی پێداویستییەکی ھەرە سەرەکیی ڕۆژانەی مرۆڤە، لە ھەمان کاتیشدا ڕۆڵی ئاو لە زۆر بواری دیکەشدا دیار و بەرچاوە، وەک پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون چوونکە کورد دەڵێت: "ئاو و ئاوەدانی" ھەروەھا ئاو ڕۆڵی لە سەرھەڵدانی شارستانیەتەکاندا هەبووە و هەیە، لەم پێناوەشدا ئەوەی زۆر گرینگە، ھەبوونی ئیرادەیە بۆ کۆکردنەوەی ئاو و ھەبوونی ئیدارەشە، بۆ چۆنییەتی بەکارھێنان و دابەشکردنەوەی ئاو بە سوودوەرگرتن لە ئاوی سەر زەوی و بایەخدان بە بڕ و جۆری ئاو، لەپێناوی پاراستنی ھەمەجۆری زیندەوەران و "بایۆدایڤیرسیتی" و باش ڕاگرتنی ھاوسەنگی ژینگەی و سەرخستنی ئاوی نێو ڕووبارە قووڵەکان بۆ ئاستی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەڕێگەی ترومپا و پەمپی تایبەتەوە، سەرپۆشکردنی ڕووبارەکان بە پانێڵی بەرھەمھێنەری ووزە لە تیشکی خۆر زۆر پێویستە، ھەروەھا ناوپۆشکردنی ڕووبارە لاوەکییەکانیش بەماددەی تایبەت و گۆڕینی کاری کشتوکاڵی لە شێوازی کۆن بۆ شێوازی زیرەکی کشتوکاڵکردن و کۆتایی ھێنان بەو شێوازە کلاسیکییانەی ئاودان و ئاودێری، دابەشکردنی عادیلانەی ئاو لەنێوان ووڵاتان و یەکە ئیدارییەکان و دوورکەوتنەوە لە چەمکی ترساندنی ژینگەیی و قەدەغەکردنی بەکارھێنانی پێکھێنەرەکانی ژینگە لەجەنگدا بەگشتی و ئاو بەتایبەتی.
* ڕۆڵی کشتوکاڵ و دارستانەکان و نەمامگەکان چین لە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و بەبیابانبووندا؟
عەبدولڕەحمان سدیق: لەگەڵ باسکردنی ڕۆڵی ئاو لە کۆتایی ھێنان بە ووشەکەساڵی، گرینگە ئاماژە بە ڕۆڵی کشتوکاڵ، دارستانەکان و نەمامگەکان بدەین لە بەڕەنگاربوونەوەی بەبیابان بووندا، لە ڕێگەی کاراکردن و کارکردنی یاسای پاراستنی دارستانەکان و پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و پۆلێنکردنی نەمامگەکان لە ڕووی ژمارە و سوودمەندبوون لێیان و چارەکردنی پاشماوە کشتوکاڵییەکان بە سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای سەردەم و چارەکردنی بەندئاوە کۆنەکان و دیزاینکردنی بەندئاوە پێشنیازکراوەکان و کەمکردنەوەی ھەڵکەندنی بیری نوێ و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی.
* تا چەند ھاوئاھەنگی و ھاوکاری لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان هەیە بۆ گرتنەبەری ڕێگەچارەکانی کەمکردنەوەی دیاردەی بەبیابانبوون؟
عەبدولڕەحمان سدیق: هاوئاهەنگی ھەیە و بەردەوامە و کاری باشیشمان لەم بوارەدا کردووە، وەک: بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری ژینگەیی و ئامادەکردنی توێژینەوەی زانستی و داڕشتنی یاسا و ڕێنوێنی لەبارەی چەمکی بەبیابان بوون، درووستکردنی بەنداو و گۆل و پۆند بۆ کۆکردنەوەی ئاوی لافاوەکان بۆ ئاودێری و ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی سەردەمییانەی ئاو و ئاودێری، دوورکەوتنەوە لەو شێوازەی کشتوکاڵکردن کە زیان بە پێکھێنەرەکانی ژینگە دەگەێنێت، بەکارھێنانی سەرچاوەکانی ووزەی نوێبووەوە و ھەوڵدان بۆ ھاوردەکردن و بەکارھێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ، لەگەڵ درووستکردنی پارێزراوە سرووشتییەکان و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پشتێنەی سەوز.
ئەم بابەتە 19967 جار خوێندراوەتەوە