حکوومەت نزیکەی ٣٠٠ پڕۆژەی لە زاخۆ جێ بەجێ کردووە
پەیامی کورد ... حکوومەت نزیکەی ٣٠٠ پڕۆژەی لە زاخۆ جێ بەجێ کردووە
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەم چەند ساڵە ٢٨٦ پڕۆژەی جۆراوجۆری لە زاخۆ ئەنجام داوە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمەڵێک پڕۆژەی تازە و گرینگ و ستراتیژی بکەونە بواری جێبەجێکردن، بۆیە زاخۆ بەراورد بە ڕابردوو پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.
ھێژا محەمەد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ڕایگەیاند : دوای دەست بەکاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تا ئێستا ٢٨٦ پڕۆژە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراون، لەوانە ٢٠١٦ تەواو بوونە و ٧٠ش لە بواری جێبەجێکردن دان لە تەواوی سێکتەرەکان، لەوانە، درووستکردنی جادە بە سەدان کیلۆمەتر، دروستکردنی ئاوەرۆ، ڕێگای گوندەکان، قوتابخانە، نەخۆشخانە، بنکەی تەندرووستی، بنکەی گەشتوگوزاری و قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ و ڕۆناکی شەقامەکان و پڕۆژەی کارەبا، ھیچ سێکتەرێک نییە کاری لەسەر نەکرابێت، بۆیە خەڵکی زاخۆ زۆر دڵخۆشن بەو پڕۆژە و پێشکەوتنەی زاخۆ لەماوەی ئەم چەند ساڵە بەحۆیەوە دیوە، ئەو گەڕەکانەی بە زیادەڕۆش درووستکرابوون، خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکرێت.
ھێژا محەمەد ووتیشی: بڕیارە بۆ ئەمساڵیش بوودجەیەکی تایبەتمان بۆ تەرخان بکرێت، لە ماوەی کتمتر لە مانگێک کۆمەڵێک پڕۆژەی گرینگ و ستراتیژی ڕادەگەێنین، شایانی باسە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی گرینگی زۆر بە زاخۆ دەدات، پێشتر ٦٥%ی جادەکانی زاخۆ قیڕتاو نەکرابوون، ئێستا بە ڕێژەی ٨١%ی قیڕتاو کراون و بەردەوامیش دەبین تا ھەمووی قیڕتاو دەکرێت.
محەمەد باسی لەوەش کرد: پێشتر نەخۆشخانەی لەدایکبوون لە زاخۆ نەبوو، ئێستا درووست دەکرێت و بە ڕێژەی ٦٠%ی تەواو بووە، ھەندێک ئامێری پزیشکیشمان بۆ دابین کراوە کە لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق بەو کوالێتییە نییە، بۆیە زاخۆ زۆر پێشکەوتووە، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەڕێژەی ٢٠٠% پێشکەوتووە.
ئەم بابەتە 10071 جار خوێندراوەتەوە