حێزبۆڵڵای لوبنان پێشبینی ناکات بەم نزیکانە بچێتە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل
پەیامی کورد ... حێزبۆڵڵای لوبنان پێشبینی ناکات بەم نزیکانە بچێتە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل
نەعیم قاسم جێگری سکرتێری گشتی حێزبۆڵڵای لوبنان ڕایگەیاند، ئەم بزووتنەوەی شیعە چاوەڕێی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ناکات لە ئایندەیەکی نزیکدا، بەڵکوو ئامادەیە بۆ خراپترین سیناریۆ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی سپۆتنیک، لە ووڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا پێشبینی دەکات ڕەهەندەکانی پێکدادانی چەکداری فراوانتر بێت، نەعیم قاسم ووتی: هیچ سیناریۆیەک نییە بۆ پەرەسەندنی شەڕەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا، بەڵام حێزبۆڵڵای لوبنان ئامادەیە بۆ خراپترین سیناریۆ ."
بە ووتەی ناوبراو، هەر جارێک سوپای ئیسرائیل تەقە لە خەڵکی سڤیل دەکات، حێزبۆڵڵا ووڵامی دەداتەوە.
دۆخی سنووری ئیسرائیل و لوبنان دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ خراپتر بوو. سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حێزبۆڵڵای لوبنان ڕۆژانە تەقە لە پێگەی یەکتر دەکەن لە ناوچە سنوورییەکان. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی لوبنان، نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس لە باشووری لوبنان بەهۆی تۆپبارانەکانی ئیسرائیل ەوە ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن. لایەنی ئیسرائیلی باسی لە نزیکەی 80 هەزار دانیشتووی باکووری ئیسرائیل کردووە کە لە دۆخێکی هاوشێوەدان.
لە ١٨ی حوزەیران، سوپای ئیسرائیل پەسەندکردنی پلانی شەڕی بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان ڕاگەیاند. دوای ئەمەش ئیسرائیل کانتز، وەزیری دەرەوەی ئەم ووڵاتە هەڕەشەی کرد کە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی تەواو، حێزبۆڵڵا لوبنان لەناو دەبات و زیانی گەورە بە لوبنان دەگەێنێت و زیادی کرد: ئیسرائیل نزیکە لەو ساتەوەختەی کە بڕیار بدات گۆڕینی ڕێساکانی بەرەی باکوور. لای خۆیەوە حەسەن نەسرۆڵڵا ئەمینداری گشتی حێزبۆڵڵا لە 19ی حوزەیران ڕایگەیاند، ئەگەر ململانێکان زیاتر پەرە بسێنێت، بزووتنەوەکە دەتوانێت هێرش بکاتە سەر باکووری ئیسرائیل. نەسرۆڵڵا لە ووتارەکانیدا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە کردەوەکانی ئەم بزووتنەوەیە لە سرووشتی بەرگری دا هەیە.
ئەم بابەتە 24071 جار خوێندراوەتەوە