حەماس : داوای جێبەجێکردنی پێشنیارەکەی بایدن دەکەین/ حکوومەتی ئەمریکا نەیتوانی ناتانیاهوو ڕازی بکات

پەیامی کورد   ...   حەماس : داوای جێبەجێکردنی پێشنیارەکەی بایدن دەکەین/ حکوومەتی ئەمریکا نەیتوانی ناتانیاهوو ڕازی بکات

یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بزووتنەوەیە و گرووپە خۆڕاگرییەکانی فەلەستین دەیانەوێت ئەو پێشنیازە جێبەجێ بکەن کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە پێشکەشی کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک "ئوسامە حەمدان"، یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس، وتی: ئێمە بەو پێشنیازە ڕازی بووین کە بایدن پێشکەشی کرد، حکوومەتی ئەمریکاش نەیتوانی قەناعەت بە ناتانیاهوو بکات. ئیسرائیلییەکان پاشەکشەیان کرد لەو پرسانەی کە لە پێشنیازی بایدندا هاتبوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی جەزیرە، ناوبراو وتی: قسەکانی ناتانیاهوو سەبارەت بە پەسەندکردنی پێشنیارێکی نوێکراوە بەو مانایەیە کە حکوومەتی ئەمریکا نەیتوانی قەناعەتی پێبکات سەبارەت بەو ڕێککەوتنە. ئێمە تەنها ئەو پێشنیازەی بایدنمان دەوێت کە لەسەری ڕێککەوتین جێبەجێ بکرێت.

حەمدان زیادی کرد: ئێمە بە وردی ئاگاداری ئەو پێشنیازە نوێکراوە نین، بەڵام ئەو شاندە ئیسرائیلییەی کە هاتبوونە دەوحە، مەرجیان خستەڕوو کە پێچەوانەی پێشنیازی پێشوون.

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە ڕێککەوتنەکە پێنج خاڵی تایبەت لەخۆبگرێت، لەوانە ڕاگرتنی دەستدرێژی، کشانەوەی لە کەرتی غەززە و ئاوەدانکردنەوە. ئێمە بەردەوامین لە پابەندبوون بە بەڵێنەکانمانەوە و ئامادەین دەستبەجێ جێبەجێیان بکەین و ئەو کەسەی لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن وەستاوە، ناتانیاهوویە.

ئەم بەرپرسەی حەماس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ناتانیاهوو ووڵامی ڕێککەوتنەکەمان دەداتەوە لەگەڵ پێشنیارەکانی ڕێککەوتنەکە بە کوشتن لە کەرتی غەززە و هەر ئەو کەسەیە کە ڕێککەوتنەکە تێک دەدات و پێشتریش هیچ لێدوانێکمان لە ئیسرائیلەوە نەبینیوە کە پێشنیارەکەی بایدن پەسەند بکات.

 ئوسامە حەمدان هەروەها دەشڵێت: ناتانیاهوو ڕێگری لە ڕێککەوتنەکە دەکات و ئەو کەسەیە کە پێویستە فشاری لەسەر بکرێت و حکومەتی ئەمریکا پابەندی بکات بە پێشنیارەکەی بایدن.

 لە ڕەخنەگرتن لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە: هەڵوێستەکانی ئەمریکا بەرگێکە بۆ ڕەفتار و کردارەکانی ئیسرائیل، کە لە مانۆڕکردندا ناوەستێت. مەبەستی ئیسرائیل درێژەدان بە شەڕەکە و ناتانیاهوو باس لە مانەوەی هێزەکانی دەکات لە نەتزەریم و فیلادلفیا.

دوایین خولی دانووستانەکانی نێوان ناوبژیوانان و ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بێ ئەنجام کۆتایی هات.

پاش ئەم دانووستانانە، بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی حەماس، شەوی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەمپەری لە ڕێکەوتنی ئاگربەست دانا و دژایەتی خۆی بۆ گەڵاڵەی نوێی ئەمریکا ڕاگەیاند.

حەماس زیادی کرد: ئەو پێشنیازە نوێیە لەگەڵ مەرجەکانی نەتانیاهۆ دەگونجێت و هاوتەریبە لەگەڵ داواکارییەکانی، بەتایبەتی ڕەتکردنەوەی ئاگربەستی هەمیشەیی، کشانەوەی تەواوەتی لە کەرتی غەززە، پێداگری لەسەر بەردەوامبوون لە داگیرکردنی چوارڕێیانی نەتزەریم، دەروازەی ڕەفەح و میحوەری فیلادلفیا . هەروەها مەرجی نوێی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زیندانیان خستەڕوو و لە بابەتە ڕێککەوتنەکانی دیکە کشایەوە و ڕێگری لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنەکە کرد.

لە درێژەی بەیاننامەکەی حەماسدا هاتووە: ئێمە ناتانیاهوو بە تەواوی بەرپرسیار دەزانین لە شکستی هەوڵەکانی ناوبژیوانان و ئاستەنگ لە گەیشتن بە ڕێککەوتن و بەرپرسیارێتی تەواو لە سەر ژیانی زیندانییەکانی، کە بەهۆی ئەوەوە لە هەمان مەترسی گەلەکەماندان شەڕانگێزی بەردەوام و ئامانجکردنی سیستماتیکی."


ئەم بابەتە 10361 جار خوێندراوەتەوە