خشتەی بوودجە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت

پەیامی کورد   ...   خشتەی بوودجە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت

بڕیارە خشتەی بوودجەی ئەمساڵ لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، پشکی ھەرێم لە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و پێترۆ دۆلار دیاری دەکرێت.

سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: "ھەرێم و بەغدا لەبارەی مووچەی فەرمانبەران پێشتر ڕێککەوتنیان ھەیە، یاسای بوودجەش بۆ سێ ساڵ لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراوە، ئەوەی دێتە پەرلەمان خشتەی بوودجەیە، لە حکوومەتەوە خشتەکە چۆن دێتە پەرلەمان بەو شێوەیە پەسەند دەکرێت".

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی ووتیشی: "ئەوەی پەیوەستە بە ھەرێمی کوردستان لە خشتەی بوودجە چەند بابەتێکە لەوانەش، پرسی پێترۆ دۆلار، بەتایبەتی ئەگەر نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان بکرێت".

سیپان شێروانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەشی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دیاری دەکرێت، ئەوەش ھەنگاوێکی باش دەبێ ئەگەر پەسەند بکرێت، چوونکە ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی عێراق پشکی خۆیان بەردەکەوێت".


ئەم بابەتە 33 جار خوێندراوەتەوە