خه‌سرۆ ئیسماعیل : حكوومه‌ت جیددییه‌ له‌ دابه‌شكردنی زه‌وی

پەیامی کورد   ...   خه‌سرۆ ئیسماعیل : حكوومه‌ت جیددییه‌ له‌ دابه‌شكردنی زه‌وی

به‌ڕێوبه‌ری گشتی شاره‌وانییه‌كانی سۆران دەڵێت، حكوومه‌ت جیددییه‌ له‌ دابه‌شكردنی زه‌وی و هه‌موو فه‌رمانبه‌رانیش لێی سوودمه‌ند ده‌بن.

خه‌سرۆ ئیسماعیل، به‌ڕێوبه‌ری گشتی شاره‌وانییه‌كانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ڕایگه‌یاند: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانی مه‌سروور بارزانی سەرۆکوەزیران، بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران به‌ چه‌ند قۆناغێك، هه‌موو فه‌رمانبه‌ران بەپێی خاڵبەندی سوودمه‌ند ده‌بن له‌ وه‌رگرتنی زه‌وی. 

به‌ڕێوبه‌ری گشتی شاره‌وانییه‌كانی سۆران ده‌شڵێت: له‌ هه‌موو ناوچه‌كان ئاماده‌كاری كراوه‌ بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی و فه‌رمانبه‌ران فۆڕمیان پڕکردۆتەوە و داویانەتە وەزارەتەکانیان و پێداچوونه‌وه‌یان بۆ دەكرێت، دواتر به‌ چه‌ند قۆناغێك زه‌وی دابه‌شده‌كرێت. 

خه‌سرۆ ئیسماعیل ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: له‌ چه‌ند شوێنێك زه‌وی ئاماده‌یه‌، له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ به‌شێكیان دابه‌ش كراون، له‌ سنووری شاره‌وانییه‌كانی سۆرانیش ئاماده‌كاریه‌كان به‌رده‌وامن و له‌ سنووری دوو شاره‌وانیش زه‌وی ئاماده‌یه‌، ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی شاره‌وانی فه‌رمانبه‌ران دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی مافیان هه‌یه‌ سوودمه‌ند ده‌بن له‌ وەرگرتنی زه‌وی و مافی هیچ كه‌سێك نافه‌وتێت. 


ئەم بابەتە 2977 جار خوێندراوەتەوە