"داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین وەک قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵ ، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم بدات"
پەیامی کورد ... "داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین وەک قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵ ، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم بدات"
ئەمڕۆ شەممە 1/11، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی خۆی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغدا، بە بەشداری نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوە، دابینکردن و داکۆکیکردنە لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، کە بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی و نیشتمانیی هەموومانە، بۆیە بانگهێشتنامەمان ئاراستەی هەموو فراکسیۆنە کورستانییەکان کرد و هیواداربووین هەموو لایەنە کوردستانییەکان بەشدارییان تێدا کردبا، تاوەکوو پێکەوە بە ئاشکرا و ڕووبەڕوو، گفتوگۆ لەسەر تەوەرەکان بکەین لەبەر تیشک خسنەسەر ڕاستییەکان.
سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە ئەرکی نوێنەرانی هەرێمی كوردستانە، بەرگری لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن. هەرچەندە ئێمە جیا لە شایستە داراییەکان، چەندین بابەتی نیشتیمانی دیکەمان هەیە کە داکۆکی لەسەر بکەین وەک جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور و چارەنووسی ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی كوردستان و ماف و شایستەکانی پێشمەرگە وەک بەشێک لە دامەزراوەی بەرگری و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال وهەڵەبجە و قوربانییانی دەستی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو و خاپوورکردنی 4500 گوندی کوردستان، کە دەستووری عێراق بە دەقی ئاشکرا بڕیاری ئەم قەرەبووانەی داوە، کە ناكرێت ئێمە هەموو كێشە و داواکانی خۆمان لە بابەتی مووچەدا كورت بكەینەوە کە بە داخەوە بەغدا توانیویەتی كێشەكانی ئێمە بچووك بكاتەوە و سەرقاڵمان بكات بەوەی مانگانە مووچەی خەڵكی كوردستان دەدرێت یان نا.
سەرۆک وەزیران ووتیشی، ئەم كۆبوونەوەیەی ئێمە گرنگە و ئەگەر ئێمە یەك هەڵوێست بین و بەغدا هەست بەوە بكات كە كوردستان جیددیە لەوەی پێداگیری لەسەر مافەكانی خۆی دەكات، باوەڕ ناكەم بەغدا بتوانێت خەڵكی كوردستان پەراوێز بخات و ئەم داواكارییانەی كوردستان نادیدە بگرێ. بۆیە ئێمە نابێ بكەوینە ژێر كاریگەری سیاسەتێكی نادروست كە ئامانجی ئەوەیە هەرێمی كوردستان بچووك بكاتەوە و مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بکات. بە داخەوە ئەو ڕەفتارەی ئێستا بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، مامەڵەی فیدڕاڵیەت و قەوارەیەكی فیدڕاڵی نییە، چوونکە لەگەڵ پارێزگایەكیش بەم شێوەیە مامەڵە ناكەن کە لەگەڵ هەرێم دەیکەن، بۆیە ئەم ڕەفتارەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، ڕەفتارێكی نادادپەروەرانەیە و دژ بە دەستووری عێراقە و ناگونجێت لەگەڵ سیستمی فیدڕاڵی و قەبووڵكراویش نییە.
سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە ئێمە دەبێ ئەم پەیوەندییە ڕاست بكەینەوە. دەستوورێكمان هەیە دەبێ پابەندی دەستوور بین و ڕێز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگیرێت. زۆرجار بەغدا ئێمە دەباتە بەر دادگای باڵای فیدڕاڵی، بە حیساب بڕیاری ئەم دادگایە بەهێزترە لەوەی هەندێك هەنگاو لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگیرێتە بەر، بەڵام بینیمان كە مامەڵەكردنیش لەگەڵ دادگای فیدڕاڵی بە میزاجە. كەی لە بەرژەوەندیی ئەوان بوو هەمیشە پەنایان بۆ بردووە، بەڵام کە دادگای فیدڕاڵی بڕیارێكی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دابێت، پەراوێزیان خستووە.
سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە ئێستا ئێمە دەمانەوێت ساڵی 2025 خەڵكی ئێمە لەو نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەدا ڕزگاری ببێت، چوونکە شایستەی ئەوە نییە بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. خەڵكی ئێمە شایستەی ئەوەیە ڕێز لە خەبات و قوربانیدانی بگیرێت وەك هەموو خەڵكی تری عێراق. مووچە و شایستە داراییەکانی پێ بدرێت. ئێمە داوای یەكسانی و مافە دەستوورییەكانی خۆمان دەكەین و داوا دەكەین پەیوەندییەكی تەندرووست لە نێوان بەغدا و هەولێر درووست بكرێت.
دواتر وەزیرانی دارایی و ئابووری، سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، پلاندانان، کاروباری پێشمەرگه، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تەندرووستی و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕاپۆرت و زانیاری وورد پشت بەستوو بە خشتە و ژمارەی درووست و بەڵگەنامە پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی نادادپەروەرانەی حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و تاووتوێکردنی بابەتەکان، کۆبوونەوە جەختی لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان و هاوهەڵوێستی و هاوئاهەنگی پێویستی نێوان لایەنە کوردستانییەکان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و ئەنجوومەنی نوێنەران كردەوە لەپێناو بەدەستهێنانی تەواوی ماف و شایستەکانی هەرێم لە بەغدا لە چوارچێوەی یاسای بوودجە و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجکردنی مووچە، هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق و لە کاتی خۆیدا و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری.
لە کۆبوونەوەدا بڕیار درا:
یەکەم: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر دوازدە مانگی ساڵی 2025 بکەن . بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاردرا شاندێک لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆببێتەوە و پەیامی هەرێمی کوردستانی پێ بگەێنن کە پێویستە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچە چارەسەربکرێت.
دووەم: وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، دەبێ بەشدار بێت لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەشی هەرێمی کوردستان لە خشتەی پێشنیارکراوی خەرجییەکانی مووچە و خەرجییەکانی بەکاربردن و پڕۆژەکانی بوودجەی وەبەرهێنان و بوودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و خشتەکانی سەرجەم شایستەکانی ساڵی دارایی 2025 بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادە بکرێت، بە تایبەتی بۆ بەشی هەرێم و شایستەکانی و پلەی وەزیفی و میلاک بە گوێرەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی.
سێیەم: لە ئێستاوە کار بکرێت لە یاسای بوودجەی فیدراڵ ، بەشی هەرێمی کوردستان لە بوودجە دیاری بکرێت لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە پێی سەرژمێری گشتی ساڵی ڕابردوو و پێوەرە دەستوورییەکانی دادپەروەری لە دەست نیشانکردنی بەشی هەرێم لە بوودجە وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵی ، دواتر بە پێی تایبمەتدنی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی ، بۆ هەرێم بنێردرێت و لە چوارچێوەی بوودجەی هەرێم دابەش بکرێتەوە.
11 کانوونی دووەم
ئەم بابەتە 61 جار خوێندراوەتەوە