دلاوەر ئاژگەیی : فەرمانگەی پەیوەندییەکان پلانی ھەیە پەیوەندییەکانی فراوانتر بکات

پەیامی کورد    ...   دلاوەر ئاژگەیی : فەرمانگەی پەیوەندییەکان پلانی ھەیە پەیوەندییەکانی فراوانتر بکات

نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە یەکێتی ئەورووپا دەڵێت، پەیوەندییەکانی دەوڵەتانی ئەورووپا لەگەڵ کوردستان ئێستا و ساڵانی ڕابردوو بەراورد بکەین، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و دەوڵەتانی ئەورووپا پێیان وتووین ھەرێمی کوردستان بە تەنیا نیە.

دکتۆر دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا، ڕاگیەیاند: "پەیوەندییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپا لەگەڵ کوردستان ئێستا و ساڵانی ڕابردوو بەراورد بکەین، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا ھەیە وەک دامەزراوەیەکی گرینگی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش لەگەڵ دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا به‌ نموونە فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، پۆڵەندا، ھۆڵەندا و ئیتاڵیا، کە کوردستان پەیوەندی دوو لایەنەی بەھێزی لەگەڵیان ھەیە".

دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: "کاتێک ھێرش و مەترسی دێتە سەر کوردستان و بڕیاردان لەباره‌ی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەتان ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان گفتووگۆ دەکەن و ڕای کوردستان لەسەر بڕیارەکانیان وەردەگرن، ھەرێم ئێستا ڕۆڵێکی گرینگی ھەیە لە ناوچەکە و ھەڵکەوتەی ژێئۆپۆلیتیکی گرینگە، سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی سیاسەتی متمانەکراوی کوردستانە لە ناوچەکە".

ئاژگەیی پێشی وایە: "کوردستان ئێستا لە قۆناخی زێڕینی پەیوەندی دیبلۆماسیە لەگەڵ دەوڵەتانی جیھان، ئیدانە و ڕاگەێندراوەکانی دەوڵەتان لەکاتی بۆردوومانی سەر کوردستان، تەنیا لەسەر ئاستی کونسووڵخانە و باڵیۆزخانەکانیان نییە، لەسەر ئاستی سەرۆکی ووڵات و وەزیری دەرەوەیان بووە، ھاوکات بەرپرسی سیاسەتی یەکێتیی ئەورووپا پۆستێکی گرینگە و ئه‌وان پاڵپشتی خۆیان بۆ کوردستان دووپات کردووەتەوە و پێیان وتووین لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی تر، باسیان لە گرینگی کوردستان کردووە كه‌ پێویستە ئاسایش و ئەمنیەتی پارێزراوبێت، بۆیە پێمان دەڵێن کوردستانیان لا گرینگە".

ناوبراو دەشڵێت: "دەوڵەتانی ئەورووپا پێیان وتووین ھەرێمی کوردستان بە تەنیا نیە و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەردەوامە و بەھێزتریشی دەکەین، بوونی پەیوەندیەکی بەھێزی نێودەوڵەتیش ھاوکار و پاڵپشت بووە لە زۆرێک لە مەترسییەکان پارێزراوبێت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پلانی ھەیە پەیوەندییەکانی بەھێزتر و فراوانتر بکات، چوونكه‌ ئێمە بەشێکی گرینگین لە ستراتیژی دەوڵەتان لە ناوچەکە بۆ ئێستا و ئایندەش کوردستانێکی بەھێز بۆئه‌وان گرینگە، ئەوانیش پشتیوانی لە کوردستان دەکەن وەک خۆیان پێیان وتووین، بەڵام دەبێت ئێمە یەکەم پشت بەخۆمان ببەستین ئەوکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی".


ئەم بابەتە 57811 جار خوێندراوەتەوە