دواهەمین زانیاری سەبارەت بە چارەنووسی حەسەن نەسرۆڵڵا
پەیامی کورد ... دواهەمین زانیاری سەبارەت بە چارەنووسی حەسەن نەسرۆڵڵا
دوای ئەوەی ئیسرائیل، ئێوارەی رۆژی هەینی هێرشی ئاسمانی فراوانی كردە سەر باشووری بەیرووت، دەنگۆی بەئامانجگرتنی حەسەن نەسرۆڵڵا، ئەمینداری گشتی حیزبۆڵڵای لوبنان بڵاوبوەوە، لێدوانەکانی میدیا و بەرپرسانی ئێرانیش گومانی زیاتریان لەبارەی چارەنووسی حەسەن نەسرۆڵڵاوە درووستكرد.
ئاژانسی تەسنیم-ی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران، هەینی بڵاویكردەوە، "سەرچاوە ئاگادارەکان لە لوبنان، پەیامنێری تەسنیمیان ئاگادارکردوەتەوە کە هیچ کام لە سەرکردە باڵاکانی حیزبۆڵڵای لوبنان لە ئۆپراسیۆنی ئیسرائیل دا شەهید نەبون".
ئاماژەی بەوەش كرد، "هێرشەكانی ئەمشەوی ئیسرائیل بۆسەر باشووری بەیرووتی پایتەختی ئەو ووڵاتە شکستی هێناوە".
ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی فراوانی لە گەڕەکی باشوری بەیروت ئەنجامدا، هەواڵی جیاواز لەسەر چارەنوسی حەسەن نەسرۆڵڵا بڵاوبوەوە، کە دەوترێت لەناو بارەگای فەرماندەیی یەکەدا بوە.
میدیاکانی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا ئاشکرایان کرد، ئەمینداری گشتی حیزبۆڵڵا ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل بوە، بەڵام تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوە یاخود ڕەتكردنەوەیەكی فەرمی سەبارەت بە سەرکەوتنی ئۆپراسیۆنەكە نەکراوە.
عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری ڕابەری ئێران ڕایگەیاند، "بەرەی بەرگری سەرکردە و کادری بەهێزی هەیە، هەر سەرکردەیەکیش (کە بمرێت) بەدیلێکی دەبێت، تیرۆرەکان کێشەی ئیسرائیل چارەسەر ناکەن".
لای خۆیەوە، ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی ئێرانیش ڕایگەیاند، "حیزبۆڵڵا مەشقی بەچەندین سەرکردەی کردوە، هەر سەرکردەیەکیش (بمرێت) سەرکردەیەکی دیکە دێتە شوێنی.
وەزارەتی دەروەی ئێرانیش لەڕاگەێندراوێكدا بڵاویكردەوە، "هێرشی ئیسرائیل بۆسەر بەیروت تاوانێکی جەنگییه و ئیسرائیل و ئەمریکا لێی بەرپرسیارن".
لەهەمان کاتدا ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز-ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە ڕایگەیاند، ڕابەری ئێران داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کردوە.
ئەوە لە كاتێكدایە، هەواڵی ناکۆک سەبارەت بە چارەنووسی حەسەن نەسرۆڵڵا هەیە و دەزگای پەخشی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ئەو وڵاتە هێشتا دڵنیا نییە کە نەسرۆڵڵا لە کاتی بۆردوومانەکەدا لەناو بارەگای فەرماندەیی دا بوە یان نا، بەڵام کەناڵی 13ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، زانیارییە هەواڵگرییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە نەسرۆڵڵا لە بارەگا كەدابوە، بەڵام چارەنووسی نادیارە.
ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبۆڵڵا ڕایگەیاند، حەسەن نەسرۆڵڵا لە ژیاندایە و بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ئێرانیش ڕایگەیاندوە، تاران دۆخی نەسرۆڵڵا دەپشکنێت.
ڕۆژنامەی ماریڤی ئیسرائیلی بڵاویکردەو، حەسەن نەسرۆڵڵا لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بریندار بوە، لەبەرامبەردا ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لەبارەی بارودۆخی نەسرۆڵڵا لەبەردەستدا نییە.
ئەم بابەتە 45306 جار خوێندراوەتەوە