دوای دەستگیرکردنی خاوەنی کۆمپانیای تێلێگرام بەهای "تۆن کۆین" دابەزی

پەیامی کورد   ...   دوای دەستگیرکردنی خاوەنی کۆمپانیای تێلێگرام بەهای "تۆن کۆین" دابەزی

دابەزینی نرخی توونکۆین دوای دەستگیرکردنی پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێکاری مەسنجەری تێلێگرام لە فەرەنسا ڕوویدا.
 گۆڤاری فۆربس ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، تۆن کۆین (TON) کە یەکێکە لەو دراوە دیجیتاڵیانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە یاری هامستەر کۆمباتەوە هەیە لە تێلێگرام، دوای دەستگیرکردنی بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە، دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. کۆمپانیای تۆن کۆین کە دراوی دیجیتاڵی ڕکابەری بیتکۆین ە و سەرمایەی بازاڕی نزیکەی ١٤ ملیار دۆلارە، لەناکاو دابەزی و نرخی نزیکەی ٢٠% دابەزیوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم بڵاوکراوە، دوای دەستگیرکردنی پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێلێگرام مەسنجەر، لە فەڕەنسا، نرخی تۆنکۆین دابەزیوە. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، پێدەچێت ڕۆژی یەکشەممە تۆمەتبارکردن لەسەر دورۆڤ دەربکرێت و لێکۆڵینەوەکانی دادگاش لەسەر شکستی تێلێگرامە لە ڕێگریکردن لە چالاکییە تاوانکارییەکان لەم نامەبەرەدا.

 میدیاکانی فەڕەنسا ڕایانگەیاند، ئەو ملیاردێرە فەڕەنسی- ڕوسییە لە فڕۆکەخانەیەکی دەرەوەی پاریس دەستگیرکراوە. کەناڵی بی ئێف ئێم تیڤی بڵاویکردەوە، ئەفسەرانی بەشی دژە ساختەکاری فەڕەنسا کە بەشێکە لە بەشی گومرگی ووڵاتەکەی، شەوی شەممە دوای ئەوەی بە گەشتێکی ئاسمانی لە کۆماری ئازەربایجانەوە گەیشتە فڕۆکەخانەی بۆرگێت، دەستگیریان کرد.
 بەگوێرەی ئەم تۆڕە میدیایی یە ، دورۆڤی تەمەن 39 ساڵ بەهۆی جێبەجێ نەکردنی چاکسازییەکانی تێلێگرام، فەرمانی دەستگیرکردنی فەڕەنسی لەسەر بووە، کە بووە هۆی بەکارهێنانی بۆ سپیکردنەوەی پارە و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و هاوبەشکردنی ناوەڕۆکی تاوانکاری.

 بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێلێگرام لە دوای دەرچوونی ئەم فەرمانی دەستگیرکردنە گەشتێکی بۆ فەڕەنسا و ئەورووپا نەکردووە.


ئەم بابەتە 93050 جار خوێندراوەتەوە