دوای سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئێران، دەرگایەکی تازە لە پەیوەندییەکان بووەتەوە
پەیامی کورد ... دوای سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئێران، دەرگایەکی تازە لە پەیوەندییەکان بووەتەوە
مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین ووتی: دوای سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئیران، دەرگایەکی تازە لە پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیران بووەتەوە، ئێستا پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باشدان، ئەمەش لە ھەموو ڕوویەکەوە لە بەرژوەندی ھەردوو لا دایە.
د.ساڵح مەلا عومەر عیسا، پرۆفیسۆر لە زانستە سیاسییەکان، لە زانکۆی سەڵاحەدین، ڕایگەیاند : پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیران ھەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و شەڕی داعش بینیمان پەیوەندییەکانی ھەردوو لا زۆر باش بوون، بەڵام ھەندێک ھۆکاری جۆراوجۆر و لێکتێنەگەیشتن بوونە ھۆی لاوازبوونی پەیوەندییەکان، بەڵام ئەمە لە بەرژوەندی ھیچ لایەک نییە، چوونکە ئێمە دراوسێی یەکترین و پێویستە سود لە یەکتری وەربگرین و پەیوەندییەکانمان لە ھەموو بوارەکان، سیاسی، ئابووری، بازرگانی و ژیۆپۆلێتیکی باشتر بکەین، لەبەر ئەوەی ئێمە لەڕووی کلتووریشەوە بە بەراورد لەگەڵ ووڵاتانی دیکە لەیەک نزیکین، بۆیە دەتوانین بەرژوەندی ئابووریی نێوانمان زیاتر بکەین، لە بواری ئەمنییش دەتوانین سوود لە یەکتر وەربگرین و ئەمنییەتی زیاتر دابین بکرێت، ئەمنییەتی ھەرێمی کوردستان و ئیرانیش بۆ یەکتری گرینگە، بۆیە دەتوانین کار لەسەر خاڵە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو لا بە قازانجی هاوبەش بکەین.
د.ساڵح مەلا عومەر عیسا ووتیشی: سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوو بۆ ئیران، گرینگی یەکجار زۆری ھەبوو، بەتایبەت دانیشتنی لەگەڵ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئیران، بەھۆی ئەوەی پێشتر لە زۆر کەناڵی ڕاگەیاندن لێدوان دژی ھەرێمی کوردستان دەدرا و وا پێشان دەدرا ھەرێمی کوردستان دەبێتە ئیسرائیلی دووەم و مەترسییە بۆ سەر ئیران .. بەڵام سەردان و دیداری ڕاستەوخۆی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ئایەتۆڵڵا خامەنەیی بووە ھۆکاری ئەوەی لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئیران درووست بێت، باشترین بەڵگەش .. دوای دوو ڕۆژ لەسەردانەکە خامەنەیی لێدوانێکی دا و کاردانەوەی زۆری لە میدیا هەبوو، باسی لەوە کرد ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە لایەنی نزیکی ئیران و هەست دەکات ھەرێمی کوردستان لە ھەمووان نزیکترە، بۆیە ئەمە گۆڕانکاری لە بیروڕای سەرکردەکانی ئیران بەرامبەر ھەرێمی کوردستان درووست کرد، چوونکە مێژووی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیران دوور و درێژە و بە ھەزاران ساڵە.
لەوەش کرد: ئەو ھەوراز و نشێوەی ھەبوو نامینێت و پەیوەندییەکی باشتر درووست دەکرێت، ئەو کێشانەی ھەبوون کاریگەری سلبییان لەسەر پەیوەندییەکان ھەبوو، بەڵام دوای سەردانەکە لێکتێگەیشتنی باشتر لەنێوان ھەردوولا درووست بوو، پێش دوو ھەفتە من یەکێک بووم لەوانەی وەکو پارتی لە ڕێوڕەسمێک لەلایەن ئێران داوەت کرابووین، بینیمان بەشێوەیەک ڕێزیان لە پارتی گرت گوزارشتی لە هەبوونی پەیوەندی باش و خاڵی هاوبەشی مێژوویی دەکرد، وەک ڕووبەڕووبوونەوەی بەعس و داعش، ئێستاش دەرگایەک بووەتەوە پەیوەندییەکان زیاتر بەرەو نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن دەچن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و ڕێزگرتنی ھاوبەش و دوو لایەنە.
ئەم بابەتە 14647 جار خوێندراوەتەوە