دوای یەك مانگ چارەنووسی ئەفشین حسێن پەناهی ناڕوونە

پەیامی کورد   ...   دوای یەك مانگ چارەنووسی ئەفشین حسێن پەناهی ناڕوونە

دوای تێپەڕبوونی ٣٢ ڕۆژ لە دەست بەسەرکردنی، ئەفشین حسێن پەناهی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسی پێشووی خەڵکی سنە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و ئەوەیش بووەتە هۆی نیگەرانی قووڵی بنەماڵەکەی.

سەرەڕای بەدواداچوونی چەندین جارەی بنەماڵەی حسێن پەناهی و سەردانکردنیان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو دەست نەکەوتووە، و ناوەندە ئەمنییەکانیش لە ووڵامدانەوە بەو بنەماڵەیە خۆیان بواردووە.

ئەفشین حسێن پەناهی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانبار، بە هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ شوێنی کارەکەی بە بێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەست بەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە ووتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەست بەسەرکردن هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەفشین و ماڵەکەیان پشکنیوە.
 


ئەم بابەتە 52 جار خوێندراوەتەوە