دوو گرووپی ئەنارشیستی بێناو بەرپرسیارییەتی پچڕانی کارەبا لە باشووری فەرەنسا دەگرنە ئەستۆ
پەیامی کورد ... دوو گرووپی ئەنارشیستی بێناو بەرپرسیارییەتی پچڕانی کارەبا لە باشووری فەرەنسا دەگرنە ئەستۆ
دوو گرووپی ئەنارشیستی بێناو بەرپرسیارییەتی پچڕانی کارەبای ڕۆژی شەممەی باشووری فەرەنسایان ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکدا کە لە پلاتفۆرمی ئینتەرنێتی چەپ ئیندی میدیا بڵاوکراوەتەوە، هۆکاری تێکدانەکە بۆ پیسبوونی پیشەسازی ژینگە و دابینکردنی چەکی فەرەنسی بۆ ئۆکراین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕاندووەتەوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر سەرچاوە فەرەنسییەکان ئاماژەیان بە هۆکاری نادیاری ئەم ڕووداوە لەم ووڵاتە کردووە و دەزگای میدیایی فەڕەنسی لۆفیگارو لە زاری سەرچاوەیەکی فەرەنسییەوە ڕایگەیاندووە، پچڕانی کارەبا لە باشووری فەڕەنسا کە ڕۆژی شەممە ڕوویدا، کردەیەکی بە ئەنقەست و تێکدەرانە بووە.
ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک دێت کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی فەرەنسا ڕایگەیاند، بەشی ڕۆژئاوای ناوچەی ئەلب-مارتیمز کە شاری کان لەخۆدەگرێت، کارەبای پچڕانی بەخۆیەوە بینیوە.
پارێزگاری ناوچەی ئەلب-مارتیمز لەم بارەیەوە ووتی: لە بەشی خۆرئاوای ئەم ناوچەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان پچڕانی کارەبا ڕوویداوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەورووپا، پچڕانی کارەبا لە فەرەنسا لە کاتێکدایە کە کارەبای بەربڵاو لە بەشێک لە ئیسپانیا و پورتوگالیش لەم دوایی یانەدا نیگەرانی هاووڵاتیانی ئەو ووڵاتانەی لێکەوتووەتەوە.
میدیاکان بڵاویانکردەوە، پچڕانی بەربڵاوی کارەبا لە پورتوگال و ئیسپانیا ئەوەندە سەخت بووە، بەهۆی پچڕانی کارەبا فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی مەدرید و لیسبۆن داخراون.
جگە لە پچڕانی تۆڕی گواستنەوەی گشتی، پەیوەندییەکانیش لەم ووڵاتانەدا کاریگەرییان لەسەر بوو و بەشێک لە خەڵکی ئەم دوو ووڵاتە دەستیان بە تۆڕەکانی مۆبایل لەدەستدا.
بەرپرسانی ئەو ووڵاتانە ڕایانگەیاند کە لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری پچڕانی کارەبا دەستپێکردووە، بەڵام ئەگەری تێکدان و هێرشی ئەلیکترۆنی ڕەتیان نەکردەوە.
ئەم بابەتە 34 جار خوێندراوەتەوە