د.ڤیان سەبری : کاردەکەین بۆ ئەوەی یاسای بوودجە ھەموار بکرێتەوە

پەیامی کورد   ...    د.ڤیان سەبری : کاردەکەین بۆ ئەوەی یاسای بوودجە ھەموار بکرێتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "دوای ڕێککەوتن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای بوودجە بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، سبەی پەرلەمان کۆدەبێتەوە و ھەوڵ دەدرێت ھەموارەکە پەسەند بکرێت." 

د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند "دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و ڕێککەوتن یاسای بوودجە ھەموار بکرێتەوە، بەپێی ئەو دەقە ئەسڵییەی  حکوومەتی عێراق بۆ پەرلەمانی ناردووە، ئەوە پەسەند بکرێت بەبێ ئەوەی دەستکاری بکرێت، ھەموو فراکسیۆنەکانیش لەسەر ئەو دەقە ھاوڕابوون، ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش پێی ڕازین کە تایبەتە بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان." 

د.ڤیان سەبری ووتیشی "بڕیارە  پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، یەکێک لە خاڵەکانی کۆبوونەوە دەنگدان دەبێت لە بارەی ھەمواری یاسای بوودجە، بۆیە کار دەکەین و ھەوڵی جیددی دەدەین بۆ ئەوەی  ھەموارەکە پەسەند بکرێت، چوونکە پێشتر خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگپێدانی ماوە، بۆیە گەشبینین بتوانین سبەی دەنگی لەسەر بدەین و پەسەند بکرێت، چوونکە ئەو ھەمواری یاسای بوودجەیە لە بەرژوەندی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشە." 


ئەم بابەتە 62 جار خوێندراوەتەوە