دڵشاد شه‌هاب : سەردانی هه‌موو لایه‌نه‌كانمان كردووه‌ و سەردانی دیكەشمان دەبێت

پەیامی کورد   ...   دڵشاد شه‌هاب : سەردانی هه‌موو لایه‌نه‌كانمان كردووه‌ و سەردانی دیكەشمان دەبێت

دڵشاد شه‌هاب، ووتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ده‌ڵێ، ئامانجی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، پارێزگاریكردنە لەو پێگە دەستوورییەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گرتنەبەری ڕێگایەكی دروستی گفتوگۆ. ده‌شڵێ، نێچیرڤان بارزانی، هەمیشە پێی وایە هیچ دەرگایەكی داخراو بە هەمیشەیی نییە و هەموو دەرگایەك كلیلێكی هەیە و كلیلی هەموو دەرگا داخراوەكانیش گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە.

دڵشاد شەھاب، ووتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : "له‌ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هیچ كات لە بۆشاییەكی وادا نەبووین كە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان دوور بین. سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بووەته‌ ئەو چەترەی كۆكەرەوەی هەمووانە، لە بەرانبەریشدا لایەنە سیاسییەكان بەدەنگەوەهاتنی باشیان هەبووە و لە بارودۆخە سەخت و قورسەكاندا حیزبە سیاسییەكان كە زۆر زەحمەت بووە لەگەڵ یەكدا كۆببنەوە، لە سەرۆكایەتی كۆبوونەتەوە".

دڵشاد شه‌هاب ووتیشی: "سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕێز لە ڕاوبۆچوونی هەمووان دەگرێت و حیزبەكانیش ئامادەیی باشیان تێدایە، تەنانەت بۆ یەك جاریش نەبووە، سه‌رۆكایه‌تی هەرێمی كوردستان داوەتی لایەنەكانی كردبێت و ئامادە نەبووبن، ئێمه‌ش پێزانینی زۆرمان بۆ ئه‌و هاماهه‌نگی و به‌پیره‌وه‌هاتنه‌یان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆمان سەردانمان كردوون و سەردانی دیكەشمان دەبێت و هیچ لایەنگیرییەكیش بۆ هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی نییە".

ووتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ده‌شڵێت: "تەنیا ئامانجی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پارێزگاریكردنە لەو پێگە دەستوورییەی هەرێمی كوردستان، كە جوانییەكەشی لەوەدایە ئەزموونێكی جوانی دیموكراتی و ئازادی پێشكەش بكەین و هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو بەڕێوە ببەین، كه‌ هه‌مووان تێیدا به‌شدار بن و زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو و ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ هه‌مووان بڕه‌خسێت".

له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌ی دڵشاد شه‌هاب ووتی: " سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پاراستنی ئازادییه‌كان و پێكه‌وه‌ژیان به‌ دوو كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی حكومڕانی هه‌رێم ده‌زانێت و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پارێزگارییان لێده‌كات، پارێزگاریكردن له‌ مافی ئافره‌ت و خێزان و ژینگەی هه‌رێم و پێكەوەژیان، هه‌میشه‌ جێگای بایه‌خی به‌ڕێزیانه‌، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێگایەكی درووستی گفتوگۆ، جەنابیان هەمیشە پێی وایە هیچ دەرگایەكی داخراو بە هەمیشەیی نییە و هەموو دەرگایەك كلیلێكی هەیە و كلیلی هەموو دەرگا داخراوەكانیش، گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە".


ئەم بابەتە 47176 جار خوێندراوەتەوە