دۆخی نالەباری زیندانی ناوەندی ورمێ و پێشێلکردنی مافی زیندانییان
پەیامی کورد ... دۆخی نالەباری زیندانی ناوەندی ورمێ و پێشێلکردنی مافی زیندانییان
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە دۆخی قەیراناوی لە زیندانی ناوەندی ورمێ دەکەن کە بە هۆی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و پێداویستییە تەندرووستییەکان بووەتە یەکێک لە بەدناوترین زیندانەکانی ئێران.
ئەم زیندانە لەگەڵ كێشەی جیددی وەك پاک وخاوێنی و مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ زیندانیاندا بەرەوڕوویە.
بەپێی ڕاپۆرتی هانا، دۆخی تەندرووستی لەم زیندانەدا لە ڕادەبەدەر خراپە. حەمام و تەوالێتەکان لە شوێنی بچووک و تەنگ دان و قاپەکانی خواردنیش هەر لەو شوێنانە دەشۆردرێن.
هەروەها نەبوونی هەواگۆڕکێی گونجاو و سیستمی ساردکەرەوە لە وەرزی گەرمادا بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی جۆراوجۆر لەنێو زیندانیاندا. هەروەها گواستنەوەی نەخۆشەکان بۆ نەخۆشخانەکان دەگمەنە و پێداویستی چارەسەرییش زۆر سنووردارە.
لە بەشی زیندانییانی سیاسی، فشارە ئەمنییەکان ئەوەندە زۆرن کە لە سەرووی هەر تەختەیەكەوە دووربین دانراوە. لە هەندێک حاڵەتدا گواستنەوەی زیندانییانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە تەنها بە دەستبەند و پێبەند دەكرێت، بەبێ ڕەچاوکردنی مەرجە یاساییەکان.
هەروەها سەرچاوە ئاگادارەکان باس لە فەسادی بەربڵاو لە زیندانی ورمێ دەکەن کە بنەماڵەی زیندانییانیشی گرتووەتەوە. لە چەندین حاڵەتدا، بەرپرسانی گەندەڵی زیندانەکان ئازاری سێکسی هاوسەری زیندانییەکان دەدەن و پێشنیاری پەیوەندی نایاسایی یان پێ دەکەن. ئەو کەسانە بریتین لە "پەیمان خانزادە"، بەرپرسی زیندان و جێگرەکانی، "کەریمزادە، ئازەریون"، هەروەها دادوەری سەرپەرشتیاری زیندانەکە "ئەمیر جوان"، کە دەستیان لە پێشێلکردنی مافی زیندانییەکان و مامەڵەکردنی تووندوتیژیانە لەگەڵیاندا هەیە.
جگە لەوەش قاچاخی مادەی هۆشبەر بۆ نێو زیندانەكە بەرچاو دەكەوێت. ماوەیەک پێش ئێستا ئەفسەرێکی پشکنین بە ناوی شێرزاد لەکاتی گواستنەوەی ٣٠٠ گرام مادەی هۆشبەر (شیشە) بۆ زیندانەکە لەلایەن هێزێکی تایبەتەوە کە ڕەوانە كرابوون، دەستبەسەر كرا.
نرخی هەر گرامێک ماددەی هۆشبەر لە زینداندا ٦ ملیۆن تمەنە، هەروەها نرخی هەر مۆبایلێک لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٠٠ ملیۆن تمەنە، کە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە دەهێندرێن دەکڕدرێن و دەفرۆشرێن.
ئەم بابەتە 52 جار خوێندراوەتەوە