دۆناڵد ترامپ سزای لەسێدارەدان دەگەڕێنێتەوە

پەیامی کورد   ...   دۆناڵد ترامپ سزای لەسێدارەدان دەگەڕێنێتەوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، لەگەڵ دەست بەكاربوونی وەك سەرۆكی ئەمریكا، وەزارەتی داد ڕادەسپێردرێت بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بكرێتەوە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی خێزان و منداڵانی ئەمریکیە لە دەستدرێژیکار و بکوژەكان.

دۆناڵد ترامپ، سێشەممە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "Truth Social" بە بڵاوكردنەوەی هەواڵێكی ڕۆژنامەی نیۆیۆرك پۆست كە باس لەوە دەكات "جۆ بایدین ی سەرۆكی ووڵات سزای لە سێدارەدانی ژمارەیەك تاوانباری گۆڕیوە بۆ زیندانی هەتا هەتای" ڕایگەیاند، "هەر کە دەست بەکار بووم، وەزارەتی داد ڕادەسپێرم کە بە تووندی سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بكات".

ئاماژەی بەوەش كرد، "ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی خێزان و منداڵانی ئەمریکییە لە دەستدرێژیکار و بکوژ و كەسە تووندوتیژەکان، جارێکی دیكە دەبینە بە نەتەوەی یاسا و ڕێسا".

ئەوە لەكاتێكدایە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک پۆستی ئەمریکی بڵاویكردەوە، جۆو بایدن سەرۆكی ئێستای ئەمریكا بڕیاریداوە بە گۆڕینی سزای 37 کەس لەسێدارەدانی فیدراڵییەوە بۆ زیندانی هەتا هەتایی.

دەشڵێت، "ئەو كەسانەی كە سزاكەیان گۆڕدراوە زیاتر لە پێنج كەسیان بكوژی منداڵن، هەروەها ژماریەكی دیكەشیان بكوژی بە كۆمەڵن و سیان لەوانەش تاوانباری گەورە و بەناوبانگن".

جۆو بایدن سەرۆكی ئەمریكا ڕۆژی دوشەممە لەكاتی گۆڕینی سزای ئەو كەسانە ووتی، "هەڵە مەکەن، سەركۆنەی كارەكانی ئەو بکوژانە دەکەم، خەمبارم بۆ قوربانیانی کردەوە نەفرەتیەکانیان، هاوبەشی ئازاری هەموو ئەو خێزانانەم کە تووشی زیانێكی بێ خەیاڵ و قەرەبوو نەکراوە بوونەتەوە".

بایدن دەشڵێت، "بەڵام بە ڕێنمایی ویژدانم و ئەزموونەکەم وەک بەرگریکاری گشتی و سەرۆکی لیژنەی دادوەری ئەنجوومەنی پیران و جێگری سەرۆک و ئێستا سەرۆک، لە هەمو کاتێک زیاتر باوەڕم بەوە هەیە کە دەبێت بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لەسەر ئاستی فیدراڵی بوەستێنین، ناتوانم بوەستم و ڕێگە بە ئیدارەیەکی نوێ بدەم دەست بە لەسێدارەدان بکاتەوە، کە من ڕامگرتووە".

 

 

 


ئەم بابەتە 112 جار خوێندراوەتەوە