دیدار و گفتووگۆی مەسروور بارزانی لەگەڵ هاووڵاتییانی شاری هەولێر

پەیامی کورد   ...  دیدار و گفتووگۆی مەسروور بارزانی لەگەڵ هاووڵاتییانی شاری هەولێر 

سێشەممە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە قەڵای ھەولێر، دیدار و گفتوگۆی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھاووڵاتییان بەڕێوەچوو. 

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوێی لە داوا و سەرنجی ھاووڵاتییانی ئامادەبوو لە دیدارەکە گرت و ووڵامی سەرجەم پرسیارەکانیانی دایەوە، ھاوکات بە گرینگییەوە گوێی بۆ پێشنیازەکانیان گرت و بەڵێنی دا لە ئایندەیەکی نزیکدا کاری لەسەر بکات.

لە ووڵامی پرسیاری قوتابییەکی زانکۆ لەبارەی گرفتی ھاتووچۆ و کێشەی ئاو، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار لەسەر سیستەمێکی گواستنەوەی گشتی دەکات.

لەسەر پرسی ئاوەڕۆ و درووستبوونی لافاو لە ھەولێر مەسروور بارزانی دەڵێت: "لەدوای لافاوەکەی ھەولێر ڕێوشوێنی جیددیمان گرتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە لافاو. لەبارەی کێشەی بێ ئاوی ڕایگەیاند، بەکارھێنانی ئاوی ژێر زەوی کێشەی بێ ئاوی لە ھەولێر چارەسەر ناکات و بەنیازن لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەی فریاگوزاری ئاو بۆ ھەولێر تەواو بکەن.

پڕۆژەکانی حکوومەت

لەبارەی پرسی سەقامگیری و پڕۆژەکانی حکوومەت و بابەتی دارایی ئاماژەی بەوە دا، ھەرێمی کوردستان زۆربەی بیانووەکانی حکوومەتی فیدراڵی بڕیوە و کاری جیدییان کردووە بۆ ئەوەی مافەکانی ھەرێمی کوردستان جێگیر بکرێن، لە ساڵانی داھاتووشدا ئەنجامی کار و بەرنامەکانیان زیاتر دەردەکەون. دواتر ووتی، "ھیوادارم ناوچەکە بەرەو سەقامگیری زیاتر بڕوات، بۆئەوەی لەمپەر و قەیران دووبارە کاری ئاوەدانیمان سست نەکەن."

"لە ھەوڵ داین کارەبای بەردەوام دابین بکەین"

لە ووڵامی ھاونیشتمانییەک دا مەسروور بارزانی دەڵێت: نرخی کارەبا و ئاو لەسەر ھاووڵاتییان زیاد نەکراوە، ھەروەھا لەبەر زۆری پێداویستی ھاووڵاتییان نەیانتوانیوە کارەبای ٢٤ کاژێری دابین بکەن، "لە کاتێکدا نرخی کارەبای موەلیدە زۆر لە حکوومی گرانترە، ئێمە لە ھەوڵداین کارەبای بەردەوام دابین بکەین و ئێستا لە چەند گەڕەکێکی ھەولێر چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

لە ٢٠١٣ەوە دامەزراندن لە ھەرێمی کوردستان وەستاوە

بۆچی لە عێراق دامەزراندن بەردەوام و لە ھەرێمی کوردستان وەستاوە، یاخود بۆچی وەکوو ھەرێمێکی فیدراڵی پشکی نییە لەو ڕێژەی دامەزراندنەی لە عێراق ھەیە؟ لە ووڵامی ئەو پرسیارەدا مەسروور بارزانی دەڵێت: "پێشتر و بەھۆی ململانێی حیزبییەوە زۆر کەس دامەزراون و ئێستا داھاتی ھەرێمی کوردستان ھێندە نییە تاوەکوو خەڵکی نوێ دابمەزرێنێت، ئەم ساڵ عێراق یەک ملیۆن کەسی دامەزراندووە." ڕاشیگەیاند، نابێت ھەرێمی کوردستان بێبەش بێت لە ڕێژەی دامەزراندن لە عێراق، چوونکە دەبوو ھەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی فیدراڵی بوودجەی بۆ دیاری بکرێت، "بۆ کردنەوەی دەرگای دامەزراندن، ئێمە لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین."

لەلایەکی دیکەوە ئاماژەی بەوەدا کە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەرگایان بۆ بەغدا کردەوە دەستوەردان لە ھەرێمی کوردستان بکات و دەڵێت، نابێت وەزارەتێکی عێراق دەستوەردان لە کاروباری ھەرێمێک بکات و ئەمە دژی سیستمی فیدراڵییە.

ھەڵبژاردن و ڕێژەی بەشداری

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆی مەسروور بارزانی و لە ووڵامی بەرزی و نزمی ڕێژەی بەشداری و کاریگەری دەنگی ھاووڵاتییان ئاماژەی بە کۆمەڵێک بابەت کرد و ووتی: "ڕەنگە ڕەوتێکی سیاسی ھۆکار بێت بۆ بێ ئومێدیی خەڵک لە دەنگدان، ھیوادارم لەم ھەڵبژاردنە ڕێژەی بەشداریی ھاووڵاتییان زیاتر بێت، چوونکە زۆر گرینگە ھاووڵاتییان دەنگ و ڕەنگیان لە ڕۆژی دەنگدان دیاری بکەن و داوامان لە ھەموو ھاووڵاتییان ئەوەیە بەشدارییەکی کارا بکەن لە ھەڵبژاردن، چوونکە ئەنجامی ھەڵبژاردن کاریگەری لەسەر داھاتووی ھاووڵاتییان دەبێت."

"زۆر گرینگە ووڵاتانی جیھان کارگە لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە"

بۆ بووژاندنەوەی کەرتە جیاوازەکان، مەسروور بارزانی بە گرنگی زانی کارگەی ھەمەجۆر و پێشکەوتووی وڵاتانی جیھان لقیان لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت، چونکە ئەوە لە زۆر ڕووەوە بە قازانجی کوردستانە و ئەوەش لەگەڵ سیاسەتی حکوومەت یەک دەگرێتەوە، کە بریتییە لە ھەمەجۆرکردنی داھات و ووتیشی، "سەرەڕای قەیران و دژایەتییەکان حکوومەت لەسەر پێی خۆی وەستاوە و ڕاگرتنی بوودجە بەربەست بوو بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکوومەت."

دەستوەردانی حیزبی لە پارێزگاکان

مەسروور بارزانی دەڵێت: لەپێناو کارئاسانی زیاتر و خزمەتی ھاووڵاتییان دەسەڵاتمان بە پارێزگاکان دا، چونکە لە کۆتاییدا دەسەڵاتی خۆماڵی و پارێزگا بەرپرسە لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی حکوومەت بڕیاریان لەبارەوە دەدات، لەبەر ئەوەی پڕۆژەکانی حکوومەت بۆ ھەموو پارێزگاکانە نەک شارێکی جیاواز و تایبەت.

ھەر لەبارەی دەستوەردانی حیزبی لە پارێزگاکان، سەرۆکوەزیران نموونەی بە پارێزگای سلێمانی ھێنایەوەو ووتی: "دەسەڵاتی حیزبی ھەبووە لە سلێمانی رێگەی نەداوە ئیدارەی پارێزگا پڕۆژەکان جێبەجێ بکات."

لە ووڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بانگەشەی ھەڵبژاردن و پێکەوەژیان مەسروور بارزانی لە بەرنامەکەدا دەڵێت، "ھەرێمی کوردستان بە لانکەی پێکەوەژیان ناسراوە و شانازی پێوە دەکات و ئێمە ھەر لە سەرەتاوە داوای بانگەشەیەکی ئاراممان لە ھەموو لایەنەکان کردووە و ھەر حیزب و لایەنێک بە زمانێکی زبر بانگەشە بکات گوزارشت لە خۆی دەکات."

پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق

مەسروور بارزانی باسی بەشێک لە گرفتەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقی کرد، ئاماژەی بەوەدا کە زۆر کەس ھەن لە بەغدا ھێشتا باوەڕیان بە فیدراڵی نییە، ھەروەھا بیرۆکەی بە مەرکەزیکردنی حوکمڕانی کێشەی لێدەکەوێتەوە و ووتیشی، "پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ بەرێز سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ھەیە و نییەتی ئەوەمان ھەیە لەگەڵ بەغدا چارەسەری کێشەکان بکەین و ھەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆی لەبەرامبەر عێراق جێبەجێکردووە."

"عێراق گازی ھاوەڵ بە ھەدەر دەدات و کوردستان سوودی لێ دەبینێت"

لەو گفتوگۆیە پرسیار لەبارەی بەنداو، ژینگە و پاراستنیەوە کرا و مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، لە بەرنامەیاندایە بەندئاوی گەورەتر لە ھەرێمی کوردستان درووست بکەن. ھەروەھا جەختی لە پاراستنی ژینگە کردەوە و ووتی، لە پاڵاوگەکانی عێراق گازی ھاوەڵ بە ھەدەر دەدرێت و کوردستان سوودی لێ دەبینێت و بەرنامەی گونجاویان بۆ ریسایکلین و بەکاربردنەوەی پاشماوە و خاشاک ھەیە. لە کۆتایی ئەو بڕگەیەشدا باسی لەوە کرد، "ژینگەپارێزی تەنیا بە حکوومەت ناکرێت و پێویستە ھاووڵاتییان ھاوکاربن."

یەکێتی و کورسی کۆتا

لەبارەی پێکھاتەکان و بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ نەھێشتنی ١١ کورسییەکە، مەسروور بارزانی دەڵێت، "یەکێتی لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای بۆ نەھێشتنی کۆتای پێکھاتەکان تۆمار کرد و شانازیش بەوەوە دەکات کە کورسی کۆتای پێکھاتەکانی نەھێشتووە." ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا، نەھێشتنی کورسیی کۆتای پێکھاتەکان "کارێکی ھەڵە بوو."

مەسروور بارزانی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی پەیوەندیی پارتی لەگەڵ پێکھاتەکان دا و ووتی، "بڕوای پارتی بە مافی پێکھاتەکان وایکردووە ئەوان ببنە ھاوپەیمانی پارتی و دەبێت پارتی شانازی بەوەوە بکات، کە بووەتە جێگەی متمانەی پێکھاتەکان و لابردنی کورسی کۆتای پێکھاتەکان لێدان بووە لە مافی پێکھاتەکان، نابێت لەبەر ھۆکاری سیاسی مافی پێکھاتەکان پێشێل بکرێت و بە پێداگیریی پارتی ٥ کورسی کۆتای پێکھاتەکان گەڕایەوە."

سەبارەت بە حوکمڕانی، سەرۆکوەزیران دەڵێت: حوکمڕانی ئاسان نییە چوونکە ئەمانەتە، هەڵگرتنی ئەمانەتیش قورسە، کە دەستبەکار بووم سوێندم خوارد کە بەرانبەر بە خەڵک و نیشتمان بە ئەمەک بم و لە خزمەتکردنیان بەردەوام بم.


ئەم بابەتە 29539 جار خوێندراوەتەوە