دیدار و گفتوگۆی مەسروور بارزانی لەگەڵ چینوتوێژەکانی دهۆک
پەیامی کورد ... دیدار و گفتوگۆی مەسروور بارزانی لەگەڵ چینوتوێژەکانی دهۆک
مەسروور بارزانی لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ نوێنەرانی چینوتوێژەکانی پارێزگای دھۆک تیشکی خستە سەر چەندان پرس و بابەت لەوانە، ڕەخساندنی ھەلی کار، کار و پلانەکانی داھاتووی حکوومەت، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و چەندان تەوەری دیکە، ھاوکات گوێی بۆ ووتە، داواکاری، پێشنیاز و بۆچوونی ئامادەبووانیش گرت و ووڵامی ھەر یەکێکیانی دایەوە.
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە سەرەتای گفتوگۆکەدا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم گفتوگۆیە بەشێکە لە بازنەی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ نوێنەرانی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان دەیکەن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو، تاوتوێ و شرۆڤەی بابەتە گرینگەکان بکەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت خەڵکی کوردستان حکوومەتێک ھەڵبژێرێت کە ئامادە نەبێت لەژێر فشار، بۆ بەرژەوەندی شەخسی، بۆ بەرژەوەندی حزبی، لە ترساندا یان لەبەر ھەر ھۆکارێک، خەڵکی کوردستان بکات بە قوربانی بەرژەوەندی خۆی.
ئەمەش دەقی گفتۆگۆکەیە:
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
من زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە، ئەمە یەکێکە لەو دانیشتنانەی کە ئێمە ھەمانە لەگەڵ خەڵکی ھەموو پارێزگا و دەڤەرەکانی کوردستان، تا ڕاستەوخۆ ئێمە لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ بکەین و شرۆڤەی بابەتی گرینگ بکەین، ھەم بۆ کوردستان و ھەم ئەو بابەتانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ھاووڵاتییانی کوردستان ھەیە. بۆیە من زۆر ناچمە نێو قسەکردن، زیاتر گوێ دەدەمە ئێوە و پرسیارەکانی ئێوە، ھەر پرسیارێک ئێوە ھەتانبێت من ئامادەم ووڵام بدەمەوە، بەڵکوو تێبینی ھەبن دوای ئەوە لە چوارچێوەی ئەو پرسیارانەدا دەکرێ باسی ئەم تێبینییانەش بکەین. کەواتە پێمان خۆشە دەست پێ بکەین بە یەکەمین پرسیاری ئێوە، کێ ئامادەیە پرسیاری خۆی بکات، با بفەرموێت:
*پێخۆشحاڵین ئەمڕۆ شانازی دیتنی تۆمان پێ بڕا، من پرسیارێکم ھەیە و گازاندەیەکیش، من بە گشتی قسە دەکەم، بەڵام خۆم دەکەم بە نموونە، من وەک ھەنگەوان و ئەندازیاری کشتوکاڵی و خوشکی شەھیدیشم، ماوەی چەندین ساڵە کاری ھەنگەوانی دەکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من زۆر بەدواداچوونم کردووە و سەردانی ھەندێک شوێنیشم کردووە، پاڵپشتی بۆ پرۆژە بچووکەکانی کشتوکاڵی نییە، بە تایبەتی بۆ ئەندازیارانی کشتوکاڵی کە ئەمە بۆ ھەر وڵاتێک زۆر گرینگە، نازانم لە کابینەی ئێوەدا پلانتان چییە بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆژەی بچووکی کشتوکاڵی و بە تایبەتیش ئەندازیارانی کشتوکاڵی تا بتوانن بە شێوەیەکی باشتر کار بکەن؟
ئێمە ھەوڵێکی جیددیمان دا بۆ ئەوەی بزانین کەموکووڕییەکانی ئێمە لە کوێدایە و کەموکووڕیی خەڵک لە کوێنە
سەرۆکی حکوومەت: گەلەک سوپاس بۆ پرسیاری تۆ، بێگومان ئێمە بەرنامەمان ھەیە و لەم کابینەیەشدا لە چەند ساڵێکی کەمدا ڕەنگە زۆرتر بۆ ئێمە ڕوون نەبووبێت، ئێمە ھەوڵێکی جیددیمان دا بۆ ئەوەی بزانین کەموکووڕییەکانی ئێمە لە کوێدایە و کەموکووڕی خەڵک لە کوێنە؟ ئەو بەرنامە و پرۆگرامانە چۆن ڕێک بخەین کە دەکەونە خزمەتی خەڵکەوە. دوای ئەوە ئێمە پرۆژەیەکی دیکەمان ڕاگەیاند کە ئەویش پرۆژەی (گەشانەوە)ـیە. پرۆژەی (گەشانەوە) بۆ ئەو جۆرە داخوازییانەیە وەک تۆ باست کرد بۆ کشتوکاڵ بێت یان بۆ ھەر کارێکی دیکە بێت، گەنجێک، کەسێک حەز بکات بۆ خۆی کار و کەسابەتێک بکات، پێویستیی بە پشتیوانیی حکوومەت بێت بۆ ئەوەی بکەوێتە سەر پێی خۆی و بۆ ئەوەی دەست پێ بکات. ئەگەر ئێوە ئەم ڕۆژانە بەدواداچوونتان کردبێت، ئێمە پێش ئێستا دیدارێکیشمان لەگەڵ کۆمەڵێک لەو گەنجانە ھەبوو، ئەوانەی کە ھەندێک بزنسی خۆیان ھەبوو و دەیانویست فراوانی بکەن، یان ھەندێکیان کە دەست بە بزنس بکەن، پرۆژەی (گەشانەوە) گەلێک ھاریکار بووە بۆ ئەوانیش. بەڵام ھەر کەسێک پرۆژەی ھەبێت، کاتێک پێشکەشی حکوومەتی دەکات، پێداچوونەوە بەو پێشنیارە دەکرێت کە بۆ ئەو پرۆژەیە کراوە، ئەگەر بزانن پێشنیارێکی زۆر باشە و لەجێی خۆیدایە، یەکسەر ھاریکاری دەکەن. ئەگەر بزانن کەموکورتی تێدایە، ھاریکاری دەکەن بۆ ئەوەی پێشنیاری ئەو بخەنە قالبێک کە سوودی بۆ ھەبێت. تا ئێستا ٢٥ کۆمپانیا سوودمەندبوونە، ئێستا ١٠٠ کۆمپانیای دیکە داوایان کردووە و ئەوانیش سوودمەند دەبن.
بێگومان چەندی ئێمە ببینین گەنج خۆی ئامادە بێت کار بکات و ھزری باشی ھەبێت بۆ ئەوەی بە خۆی ببێتە خاوەنی ئیشی خۆی و خەڵکێکی دیکەش پێیەوە گرێ بدرێ، حکوومەت ھاریکار دەبێت. ئەگەر خوا پشتیوان بێت و ئێمە بەردەوام بین، ئەم پرۆژانە بەردەوام دەبن و فراوانتریش دەبن و ھاریکارییەکی ھەر گەنج و ھەر ھاووڵاتییەک دەکەین کە دەیەوێت خۆی ببێتە خاوەنی کەسابەتی خۆی.
* سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە کە توانیمان لە نزیکەوە ئێمە یەکتر ببینین. من لە دەڤەری شیلادزێ لەگەڵتدام، پرسیاری من ئەوەیە، گەنجانی دەڤەرەکەی ئێمە زۆر مەغدوورن، ھەموویان بەرەو دەرەوە دەچن، دانەمەزراون، ئێمە پرسیاری دامەزراندن دەکەین، ئەوانەی کە موالیدیان گەورەیە بۆ نموونە لەدایکبووانی ١٩٨٥ تاوەکوو ١٩٩٣، ئێمە ھیوادارین چارەیەکیان بکرێت، ئێمە پێشتر دەچووین دامەزراندن نەبوو، ئێستاش کە دەچین داوای دامەزراندن دەکەین، پێمان دەڵێن ئێوە موالیدتان گەورەیە، ھیوادارین چارەیەک بۆ ئەم بابەتە بکرێ و دەرفەتی کاریش لە ناوچەی ئێمە زیاد بکرێت، گەنجان ڕوو لە دەرەوەی وڵات نەکەن. ناوچەی ئێمە ناوچەیەکی مەغدوورە و گەنجانمان ڕوو لە دەرەوەی وڵات نەکەن، بۆ خۆیان کار و کاسبی بکەن، من یەکێکم لەو گەنجانە کە ١٣ ساڵە دەرچوومە و تا ئێستا دانەمەزراوم. پرسیار دەکەم، دەڵێن تۆ لە کوێ بووی؟ پێشتریش دانەمەزراوم. داوا لە جەنابت دەکەم چارەسەرێکت بۆ ئێمە ھەبێت کە گەنجانی ئێمەش مەغدوور نەبن. سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە کە لە نزیکەوە بە دیداری تۆ گەیشتین، زۆر مەمنوون.
حکوومەتی فیدراڵ لەوەتەی ٢٠١٣ـوە نەیھێشتووە ھەرێمی کوردستان پشکی لە دامەزراندندا ھەبێت
سەرۆکی حکوومەت: سوپاس بۆ پرسیاری تۆ، پرسیارەکەت لە جێی خۆیەتی و ھەقی ئێوەشە. من دەزانم دەڤەری شیلادزێ ڕاستە مەغدوورە، بەڵام ھۆکاریش ھەبووە. یەکێک لە ھۆکارەکان ئەو شەڕ و پێکدادانەیە کە لەو ناوچەیەدا ھەیە و بەداخەوە واینەکردووە کە زۆر دەرفەت بۆ خەڵک بێنە پێشەوە یانیش حکوومەت دەستی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی بگەیەنێتە ئەوێ. ناوچەیەکی زۆر جوانە و دەتواندرێت زۆر پرۆژەی گەشتیاری لەوێ بکرێت، بەڵام مخابن لەبەر بوونی ھەندێک دەسەڵاتی نایاسایی لەوێ و ھەندێک لەو ھێزە نایاساییانەی خۆیان لەوێ سەپاندووە، بۆتە ھۆکاری ناسەقامگیری و بۆتە ھۆکاری لێکدان و شەڕ و پێکدادان لەوێ، گەلەک کێشە و ئاریشەی ھەم بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە، ھەم ڕێگەشیان لە بەرنامە و پرۆژەکانی حکوومەت گرتووە تاوەکوو بتوانێت وەک پێویست خزمەتی ئەو دەڤەرە و ئەو ناوچەیە بکات. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئەمە بەردەوام دەبێت. ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ ئەوەن کە ئێستا ڕەنگە تۆش بزانیت، ھەندێک ھەنگاو نراوە و شتی باشیش کراون، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە تا ئێستا دانەمەزراون، من خۆم حەز دەکەم بزانن، ئێمە پێمان خۆشە ھەر کەسێک کە لەم وڵاتەدایە ببێتە خاوەن دەرامەت و داھاتێک بۆ خۆی، چ لە کەرتی گشتی کار بکات و چ لە کەرتی تایبەت کار بکات. بەڵام ئەگەر ھەر گەنجێکی ئەم وڵاتە و ھەر دەرچوویێک یان ھەر کەسێک بیەوێت لە حکوومەت دابمەزرێت، چ حکوومەتێک دەتوانێت سەرکەوتوو بێت ئەگەر کاری ئەو حکومەتە تەنیا دامەزراندن بێت؟ لە جیاتی ئەوە پێویستە حکوومەت کاری دروست بکات بۆ ئەو گەنجانەی کە دەیانەوێ لە کەرتی تایبەتیشدا کار بکەن، نەک بە تەنیا لە حکوومەت دابمەزرێن، بۆ ئەویش ئێمە لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی گفتوگۆمان کرد و لەسەر ئەمە گلەییشمان کرد کە بۆچی تا ئێستا، چونکە بودجەی ھەرێمی کوردستان پێویستە لەوێ دابین بکرێ، بۆچی ئێوە ڕێگەتان نەداوە ئێمە ڕێژەی دامەزراندن یان ڕێژەی فەرمانبەرانی حکوومەت زیاتر بکەین و ئەو گەنجانە وەربگرین؟ ئەوان تا ئێستا ڕێگەیان نەداوە. لە ساڵی ٢٠١٣ـوە تا ئێستا نەیانھێشتووە ھیچ ڕێژەیەک دابمەزرێت لە ھەرێمی کوردستان، ئەمەش بێگومان ھەتا سەر نابێت، ئێمە دەمانەوێت بەشێک لەو کەسانەی کە حکوومەت پێویستی پێیانە، یان ئەو کەسانەی ویستێکی زۆریان ھەیە و دەتوانن پێکەوە کار بکەن، دابمەزرێن. بەڵام ھەموو خەڵک ھەر دانامەزرێت، کەواتە چارەنووسی ئەوانەی کە دانامەزرێن چی دەبێت؟ باشترین ڕێ ئەوەیە کە دەرفەتی کار بۆ ئەوان دروست بکرێت و ئاسانکارییان بۆ بکرێت و من لەو باوەڕەم کە گەنجێکی زۆر بەھێز و بە تواناشمان ھەیە کە دەتوانن لە دەرەوەی کاری ئیداری و فەرمی، کاری دیکەش بکەن، ئەوەی لەسەر حکوومەتە ھاریکاریی ئەوان بکات. من دەتوانم بە تۆ بڵێم کە ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ھاریکاریی ھەر گەنجێک بکەین تا دەرفەتی کاریان بۆ دەستنیشان بکرێت، بە تایبەتیش ئەو ناوچەیە کە دەزانم مەغدوورە، ئینشائەڵا بەرنامەیەکی تایبەتمان بۆ ئەو ناوچەیە دەبێت.
*شنێ خەلیلم، دەرچووی پەیمانگەم، وەک ئافرەتێکی ئێزدی پێم خۆش بوو ئەم دیدارە لەگەڵ جەنابی سەرۆک. پرسیاری من ئەوە بوو کە لە حکوومەتی داھاتوودا دەتوانن زیاتر گرنگی بە ڕۆڵی ئافرەت بدەن؟ بە تایبەتیش ئافرەتانی ئێزدی کە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەدا؟ زۆر سوپاس.
من لەو باوەڕەدام کە ھێز و توانای ئافرەتی کورد، ئێزدی بێت یان موسوڵمان بێت یان ھەر ئافرەتێکی کورد بێت، زۆر زیاترە لەوەی کە خەڵک تا ئێستا دەیزانن
سەرۆکی حکوومەت: گەلێک سوپاس، زۆر خۆشحاڵم تۆ لێرەیت، تا ئێوەش بزانن کە حکوومەت گرنگییەکی زۆری داوە، بە تایبەتی بە خوشکانی ئێزدیمان، ئێمە پێش ئێستا بەرنامەیەکیشمان ھەبوو بۆ ھاریکاریکردنی ئەو خوشکە ئێزدییانەمان کە لەدەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار کراون، بۆ ئەوەی ھاریکاریی ئەوان بکرێت و بێمنەت بن لە ھەموو کەسێک و بگەڕێنەوە نێو ژیانی ئاسایی خۆیان، بەڵام زیاتر لەوە، ئێمە بەرنامەی دیشمان ھەیە، تەنانەت لە ئاستی زانکۆدا بۆ ئەوەی زەمالە بۆ خوشکانی ئێزدیمان تەرخان بکرێت، تا زیاتر بتوانن لە ڕووی ئاستی زانستیشدا خۆیان پێ بگەیەنن و لە نێو دامودەزگا و کۆمەڵگەی ئیداریشدا کارێکی زیاتر بکرێت و ئافرەت بتوانێت بە شێوەیەکی گشتی ڕۆڵ و کاریگەریی خۆی ببینێت.
من نامەوێ تەنیا بۆ ئەوەی بڵێن فڵان کەس ئافرەتە دابمەزرێت، من لەو باوەڕەدام کە ھێز و توانای ئافرەتی کورد، ئێزدی بێت یان موسوڵمان بێت یان ھەر ئافرەتێکی کورد بێت، زۆر زیاترن لەوەی کە خەڵک تا ئێستا دەیزانن. من چووم بەشدار بووم لە مەراسیمی دەرچوونی خولی ٤٣ـی زانکۆی سەڵاحەددین، لەوێ پرسیارم لە سەرۆکی زانکۆ کرد، پێی گوتم: ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان و ئەوانەی کە ئەم جارە دەرچوون، زۆر زیاترە لە ھی کوڕان. ئەمە جێی دڵخۆشییە کاتێک من دەبینم ئافرەتانی ئێمە لە کاتێکدا تەنیا دوورە پەرێز بوو و نەیاندەھێشت بێتە نێو کۆمەڵگە، ئێستا زۆر زیاتر دیارە و ڕۆڵی خۆی دەبینێت لەنێو ئیدارە و لەنێو حکوومەت و لەنێو دامودەزگا فەرمییەکاندا ڕۆڵی خۆیان زۆر باش دەبینن، بێگومان لێرەشەوە گرنگییەکی زیاتر بە ئافرەت دەدەین، بە تایبەتیش خوشکانی ئێزدیمان کە بۆ شەرەفی ئێمە و کەرامەتی میللەتی ئێمەن و ئینشائەڵا ئەوەی پێمان بکرێت بۆیان تەقسیری ناکەین.
*بەخێرھاتنی جەنابت دەکەین، ئەمە یەکەمین جارە تۆ ببینم لە نزیکەوە، من وەک مامۆستایەک لە پەروەردە دەستخۆشیت لێ دەکەم کە ماوەیەک لەمەوبەر بڕیارت دابوو و کەیفخۆشیت خستە نێو مامۆستایان و قوتابیانیش، ئێمە حەز دەکەین ئەم کارانە بەردەوام بن. پرسیاری من ئەوەیە کە ئایا تۆ لە ژیانی کەسیی خۆتدا کارێکت ئەنجام داوە کە لەو کارە پەشیمان بووبیت؟
سەرۆکی حکوومەت: نەوەڵا من پەشیمان نیم لە ھەر شتێک کە کردبێتم، مرۆڤ ناتوانێت حوکم لەسەر مێژوو بدات، دیارە ھەر کارێک من کردوومە لەو کاتەدا من پێموابووە کارێکی دروستە بۆیە کردوومە، ئەگینا نەمدەکرد، من پەشیمان نیم و شانازی دەکەم بە ژیانی خۆم، ئەوەندەی من بەبیرم دێت، تەرخانم کردووە بۆ خزمەتی بیروباوەڕی خۆم.
*من موھاجر سەعید، خەڵکی دھۆکم و لە پرۆژەیەکی دانیشتووان لە دھۆک دەژیم، ئێمە گەلێک کەموکوڕیمان لەو پرۆژەیە ھەیە و گازاندەی خۆمان گەیاندۆتە ھەموو جێیەک. ئەرێ بۆچی کاتێک بەڵێندەرێک پرۆژەیەک وەردەگرێت، لە ماستەرپلانی خۆیان نموونەیەکی زۆر جوان نیشانی خەڵک دەدەن، بەڵام دواتر کە خەڵک دەچن وەریدەگرن، زۆر کەموکوڕیی ھەیە؟ ئێمە داوامان کردووە لە لایەنی پەیوەندیدار، لە دادگا سکاڵامان تۆمار کرد، لە وەبەرھێنان گوتیان ١٠٠% ئەم پرۆژەیە وەرگیراوە. داوا لە جەنابت دەکەین چارەسەرێک بۆ ئەم بەڵێندەرانە بدۆزرێتەوە و ئێمە لە کێشەی بەڵێندەران ڕزگار بکەن.
سەرۆکی حکوومەت: سوپاس بۆ پرسیاری تۆ، ئەگەر حەز ناکەیت بڵێیت کوێیە ئەم پرۆژەی نیشتەجێبوونە قەینا، بەڵام من پرسیارێکم ھەیە، کەی ئەم پرۆژەیە کراوە و ئێوە تێیدان، پێش چەند ساڵە؟
گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ لە ھەڵەی خۆی فێر ببێت باشە خراپ نییە
سەرۆکی حکوومەت: ٢٠١٤، ئەوە پێش ئێستا بووە. پێش ئێستا زۆر شت کراوە، بەڵام بەداخەوە ڕەنگە گلەیی و گازاندە ھەبن و ئێمە ھەوڵمان داوە چاکی بکەین. ئێستا ئێمە لەسەرمان کردوون کە ھەر بەڵێندەرێک یان ھەر پرۆژەیەکی وەبەرھێنان بێت، پێویستە ئەو کوالێتییەی کە دادەنرێت لەسەر ئەو بنەمایە دروست بکرێت. ئەوەی پێش ئێستا دروست کراوە، ئەگەر مەجال ھەبێت کە چاکی بکەنەوە ئەوە باشە، بەڵام ئەگەر وەرگیرابێت جیاوازە لەگەڵ پرۆژەی نوێ. پرۆژەی نوێ دەبێ ھەمووی لەسەر ئەو ستانداردەی کە دەستنیشان کراون، دروست بکرێت، بەڵام ئەوەی کۆن کەمێک زەحمەتترە، ڕەنگە خەڵکیان تێدا بێت یان بەڵێندەر بڵێت کاتی خۆی بۆ وەرگیراوە و با وەرنەگیرابایە، گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ لە ھەڵەی خۆی فێر ببێت باشە خراپ نییە. من نازانم ئەم بابەتە تایبەتەی جەنابت چۆن چارەسەر دەکرێت، بەڵام دەکرێ ئێوە گازاندەی خۆتان بگەیەننە شارەوانی و پێیان دەڵێین کە ھاریکار بن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی باش بۆ ئێوە بدۆزرێتەوە. بەڵام لەو باوەڕەدا بە کە لێرەوە کردوومانەتە مەرج، ھەر پرۆژەیەک دەکرێت، دەبێت لەسەر ئەو ستانداردانە بکرێت کە ئەو بەڵێنانەی بە ھاووڵاتیان دەدرێت، بەو جۆرە بێت ئەگینا حکوومەت لێی قەبووڵ نابێت و لێیشی وەرناگرێت.
*جەنابی سەرۆک وەزیران بۆ ئێمە ئەمڕۆ شانازییە کە بەم شێوەیە تۆ ببینین و تۆ بەدەم داواکارییەکانی ئێمەوە بێیت. من وەک کاسبکارێکی دھۆک، من پێش ھەموو کاسبکاران دەڵێم، کاسبکار ھاریکارە بۆ حکوومەت، پێویستی بە مووچە نییە، کاسبکار جێی ژین و ژیاری نییە تەنیا ئەو جێیەی کە کاری لێ دەکات. زۆر جار تۆش گوتووتە کە نابێت بە ھیچ شێوەیەک توندوتیژی بەرامبەر بە کاسبکار بکرێت یان جێیەکەی لابدرێت تا شوێنێکی باشتری پێ بدرێت. ئێمە گرووپێکین لە ناوچەی پیشەسازیی دھۆک، ئێمەیان لابردبوو، تا ئێستا کێشەی ئێمە ھەڵواسراوە، حەز دەکەین جەنابت بەدواداچوونێکت بۆ بکردایە مەمنوونی تۆ دەبووین.
سەرۆکی حکوومەت: گەلەک سوپاس، ئەگەر داواکارییەکت ھەیە پاشتر پێمان بدە تا بەدواداچوون بکەین و بزانین چییە. ئێوە شکتان لەوە نەبێت کە قەت حەز ناکەین یەک کەسیش یان یەک ھاووڵاتیی ئەم وڵاتە، کاسبکار بێت فەرمانبەر بێت ھەر کەسێک بێت، زەرەرمەند بێت، ھەر بڕیارێک حکوومەت دەیدات بۆ ئەوەیە زیاتر خزمەتی ئێوە بکرێت. ئەگەر جێیەک گونجاو نییە بۆ کەسابەت، با جێیەکی دیکە دیاری بکرێت وەک تۆش باست کرد، ئەمە سیاسەت و بەرنامەی ئێمەیە. ئەگەر ھەندێکجار بۆشاییەک دەکەوێتە نێوان ئەوەی کە ھەتا کار لە جێیەک ھەڵبگیرێ و لە جێیەکی دیکە دابمەزرێت، ڕەنگە پێویستیی بە پشوودرێژیی ئێوە بێت، بەڵام دیسان دەبێ حکوومەت ھاریکار بێت. بۆیە من زۆرم پێ خۆش دەبێت کە بزانم داخوازیی تۆ چیە بۆ ئەوەی پاشتر بەدواداچوونی بۆ بکەین ئینشائەڵا.
*من دەمەوێ ئاماژە بە دوو تەوەر بدەم، ھەرچەندە پێش من ئاماژەی پێدرا، بەڵام دەمەوێ بە شێوازێکی دیکە ئاماژەی پێ بدەم. لەبارەی ھێرشەکانی تورکیا لەسەر خاڵە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بە تایبەت لە پارێزگای دھۆک کە ھەندێک گوند و دەڤەری پارێزگای دھۆکیان داگیر کردووە و خەڵکی لەسەر جێ و ماڵی خۆیان دەربەدەر و ئاوارە بوون. ئایا لە کابینەی نوێی جەنابتدا چ ڕێکارێکی یاسایی بۆ راگرتنی ھێرشی تورکیا دەبێت؟ خاڵی دووەمیش لەسەر کەرتی پەروەردەیە، لە پێش ٢٠١٤ـوە تا ئێستا فەرمانبەرانی خزمەتگوزاری لە کەرتی پەروەردە دانەمەزراون و کەرتی پەروەردەش زۆر پێویستیی بەو خزمەتگوزارییانەیە، ئەو فەرمانبەرانەشی ئێستا ھەن، ھەموویان ئەوانەن کە گەورەبوون و بەساڵاداچوون و توانای ئەوەیان نەماوە کار بکەن، جا بۆیە داوا لە جەنابت دەکەین کە لە کابینەی نوێدا ئەمە چارە بکەن و ھەندێک دابمەزرێن. ھەر لەسەر کەرتی پەروەردە، وەک دەزانن قوتابخانەکانمان لە ھەرێم ھیچ داھاتیان نییە، تەنیا داھاتی فرۆشگای قوتابخانەیە کە ئەو داھاتەش ڕێژەیەکی کەمی دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەکان و ئەوەی دیکە ھەمووی لە لایەن پەروەردەی گشتییەوەیە. داوا دەکەین لە کابینەی نوێی جەنابتدا جەخت لەوە بکرێت کە داھاتێک وەک نەسریە چ ساڵانە بێت یان مانگانە بێت بۆ قوتابخانەکان دابین بکرێت ئەگەر بکرێت، ئەگەریش نا، ئێمە حەز دەکەین پارەی فرۆشگاکان ھەمووی بۆ قوتابخانەکان دابین بکرێت بێ بڕین. زۆر سوپاس.
سەرۆکی حکوومەت: گەلەک سوپاس، جارێ با بزانین بەردەوام دەبین یان نا؟
*ئێمە باوەڕمان پێ ھەیە قوربان.
سەرۆکی حکوومەت: ئەگەر بەردەوام بین، تۆ شکت لەوە نەبێ کە لەگەڵ وەزیری پەروەردەش قسە دەکەین بۆ ئەوەی چۆن دەتوانین ئاستی خوێندن و پەروەردە و قوتابخانەکان بەرەوپێش ببەین. زۆر قوتابخانەی نوێمان پێویستە کە دروستی بکەین، زۆر کۆنن و نۆژەن بکرێنەوە، شت کراون من ناڵێم نەکراوە، بەڵام زۆر زیاتریشمان پێویستە. یان مامۆستا، بەڵکوو وەکوو تۆش باست کرد کە ھەندێکیان بە تەمەندا چوون و پێویستە خانەنشین بکرێن، ئەویش مادام کار لەسەر یاسای خانەنشینی کراوە، ئینشائەڵا ئەویش چارەسەر دەکرێ و خەڵکێکی نوێ دادەمەزرێن.
لەسەر بابەتی شەڕ، بەڕاستی ئەو شەڕە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەیە، تورک بە تەنیا نین، تورکیا شەڕی ئێمە ناکات، شەڕی پەکەکە دەکات. بوونی پەکەکە ھۆکاری ئەو شەڕەیە. ئەگەر ئێمە بمانەوێ ئەو شەڕە ڕابوەستێت، ئەگەر پەکەکە خۆیان بە کورد دەزانن، با کۆتایی بەو شەڕە بھێنن و ھیچ بیانوو نامێنێت، ھیچ بیانوو نامێنێت بۆ ئەوەی تورک بەردەوام بن لەو شەڕەی لە ناوچە سنوورییەکان. بەڵام مادام ئەوان نە حیساب بۆ حکوومەت و دەسەڵاتی شەرعیی ھەرێمی کوردستان دەکەن و نە وا دەکەن خەڵکی ئێمە بچێتە سەر گوند و زەوییەکانی خۆیان. خۆیان کردۆتە حاکم و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن و کێشە بۆ خەڵکمان دروست دەکەن و گەنجانمان وەدەردەنێن. کێشەکە یەکلا نییە و کێشەکە لەوە قووڵترە. ئەوەی ئێمە وەک حکوومەت کردوومانە، ھەوڵمان داوە کە ئەو کێشەیە زیاتر نێتە ناوخۆ، ئەگینا ئەگەر بە دەستی ئەوان بوایە ئێستا ئەم شەڕەیان دەھێنایە دھۆک و دەیانھێنایە زاخۆ و دەیانھێنا ھەموو شارەکانی ئێمە، بەڵام پێشمەرگە ھێڵێکی دروست کردووە و نەیھێشتووە زیاتر بێن. ھەرچەندە ئێستاش سەدان گوندی ئێمە ئاوەدان نەکراونەتەوە چونکە ئەو شەڕە بەردەوامە. ئەوەی ئێمە کردمان، ھەوڵێکی زۆرمان داوە، تورک رەچاوی ئەوە بکەن کە خەڵکی سڤیلی ئێمە نەبێتە قوربانی، رەچاوی ئەوە بکەن کە دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی شەرعی بەردەوام بێت و نەبێتە ململانێ لە نێوان کوردان و تورکان، کێشەی ئەوان لەگەڵ پەکەکە بمێنێت. بەڵام بەداخەوە پەکەکە گوێ بە ئێمە نادەن، ئەگینا زۆرجار ئامۆژگاریی پەکەکەمان کردووە و پێمان گوتوون کێشەی خۆیان لە وڵاتی ئێمە ببەنە دەرەوە، خەڵکی ئێمە گوناحە و ئێمە دەمانەوێ وڵاتی خۆمان ئاوەدان بکەینەوە، دەمانەوێ گوندەکانی خۆمان ئاوەدان بکەینەوە. ئەوەی ئێمە پێمان بکرێت واناکەین ئەو شەڕە فراوان ببێت. ئەگەر پێویستیی بەوەش بێت کە ئێمە بتوانین رۆڵێک ببینین بۆ ئەوەی کۆتایی بەو شەڕە بھێنین بە شێوەیەکی ئاشتییانە و بە شێوەیەکی دایەلۆگ و گفتوگۆ، ئێمە ئامادەین.
*من ئازاد محەمەد ساڵح، پرسیارم ئەوەیە کە بۆچی تا ئێستا ئەوەی پێویست بووە لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە بۆ دھۆک نەکراوە؟
سەرۆکی حکوومەت: چۆن نەکراوە؟
*تەقریبەن، چونکە گەلێک جێگە ھەن لەنێو دھۆکدا، چ لە پلانتاندا ھەیە لە کابینەی نوێدا ئینشائەڵا بکرێت؟ زۆر سوپاس؟
بەرنامەیەکی دیکەی مەزن ھەیە و ماستەرپلانی ئامادە کراوە بۆ دەوروبەری بەنداوی دھۆک
سەرۆکی حکوومەت: شت کراوە بەڵام بڵێ با زیاتر بکرێت، ئەگینا کار کراوە وەنەبێت نەکرابێت، حکومەت ھاریکاری کردووە و مۆڵەتی داوە، کەرتی تایبەت بۆ نموونە ئەوەی لە چیای زاوا کراوە، ئێمە ماوەیەک دوو پرۆژەمان لێرە راگەیاند، لە ھەردوو سەری شاری دھۆک دوو پارکی گەورە دروست بکرێن، ئەو ئاوەی لێرە دێتە خوارەوە دیساان پرۆژەیەکی زۆر مەزن ھەیە کە ئەمە بکرێت، بەرنامەیەکی دیکەی مەزن ھەیە و ماستەرپلانی ئامادە کراوە بۆ دەوروبەری بەنداوی دھۆک. پرۆژە گەلێک زۆرن، ھی گەشتیاریش گەلێک زۆرن، بەڵام ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە زۆر گرنگی بەو شتانە بدەین، چونکە خەڵکی زۆرتر داخوازیی دیکەیان ھەبووە، داخوازیی مووچەیان ھەبووە، داوای چارەسەرکردنی قەیرانیان لەگەڵ بەغدا ھەبووە، بابەتی ھەمنی و پێشتر داعش ھەبوو، زۆر کاری دی ھەبوون کە مرۆڤ دەبێ ئەولەوییەتی خۆی دەستنیشان بکات کە لە ھەر کاتێکدا زیاتر سەرنجی خۆی لەسەر چی دەکات؟ ئەوەندەی ئاسایش و ئارامی ھەبێت، باوەڕ بکەن چەندە ئێمە بتوانین دۆخێکی وا بخولقێنین کە سەقامگیری لە وڵاتی ئێمە ھەبێت، ئێمە زیاتر دەتوانین کاتی خۆمان و ئیمکانیاتی خۆمان بۆ خوشگوزەرانیی خەڵکی کوردستان و بۆ دروستکردنی پرۆژەی گەشتیاری تەرخان بکەین. ئەم بەرنامانە ھەموو دەمێک ھەن و گەلێکیشیان کەوتوونەتە باری جێبەجێکردندا و ئینشائەڵا زوو بەرھەمەکانی ئەوانیش دەبینین.
*پرسیاری من ئەوەیە کە ھەر بە تەنیا پرسیاری من نییە، پرسیاری ٨٤ گوندی ناوچەی بەرواری باڵایە. کەینێ تونێڵی دەڤەری بەرواری باڵا دەکەوێتە باری جێبەجێکردن؟ چونکە ھەر کۆمەڵێک، ھەر گوندێک ئێمە بچین، چوار کەس دانیشتوون و دەڵێن خۆزگە ئەو تونێڵە جێبەجێ بکرابایە. زۆر سوپاس بۆ جەنابت.
سەرۆکی حکوومەت: سوپاس، وەڵا ئەمە داخوازیی جەنابی سەرۆکیشە با بزانی، تەنیا ھی ئێوە بە تەنیا نییە، ھەموو جارێ ئەویش پرسیار لە من دەکات، تونێڵی مەتین چی لێ ھات و کەی ئەو تونێڵە دروست دەکرێ؟ جارێ با بزانین ھۆکاری ئەوەی کە ئەم پرۆژەیە بۆچی دواخراوە؟ یەکەم، توانای ماددی لەبەر دەستی حکوومەت گەلێک کەم بووە، ئەمە پرۆژەیەکی کەم نییە کە بڵێین بە تەرخانکردنی پارەیەکی کەم ئەم پرۆژەیە جێبەجێ دەکرێ. ھۆکاری دووەم، ئەو مەسەلەی شەڕ و پێکدادان و نەبوونی ئەمنییەتە لە ناوچەکە، زۆر لەو کۆمپانیایانەی دێن ئەم پرۆژانە جێبەجێ دەکەن، ترسیان ھەیە کە بچنە ناوچەیەک ئەمنیەت و سەقامگیری تێدا نەبێت. ئێستا سوپاس بۆ خوا وەزع باشترە و بەرنامە ھەیە، دیزاین و پلانەکەی تەواو بووە و ئینشائەڵا خستوومانەتە بەرنامە و ئەو تونێڵەش دروست دەکەین، دیسان دەڵێم ئەگەر خودا فورسەت بدات ئێمە بەردەوام بین، ئەو تونێڵە دروست دەکەین.
*من ماردن پەترۆس، مەسیحیی دھۆکم. پرسیاری من ئەوەیە جەنابی سەرۆک وەزیران، ئێمە لە زۆر شتدا بێبەشین، وەک مەسیحی لە دھۆک. ئێمە خاوەن شەھادە و خاوەن توانامان ھەیە، بەڵام راستی ناھەقیمان لێ دەکرێ. پرسیار بۆ جەنابت، بۆ کاتێک پۆستێک بۆ مەسیحیی دھۆک ھەبێت، لە خەڵکی دھۆک نابێت و لە دەرەوە بۆمان دێنن؟ ئێمە حەز دەکەین یەکێک ھەبێت خزمەتی ئێمە بکات. پرسیارێکی دیکەی من ئەوەیە ئێوە چ پلانێکتان ھەیە بۆ کریستیانانی دھۆک؟
بۆ ئێمە ھیچ جیاوازی نییە لە نێوان ھیچ ھاووڵاتییەک، کریستیان بێت، موسوڵمان بێت، ئێزدی بێت، ھەر کەسێک لەم وڵاتە بژیت
سەرۆکی حکوومەت: ئەگەر راستیت دەوێ بۆ ئێمە ھیچ جیاوازی نییە لە نێوان ھیچ ھاووڵاتییەک، کریستیان بێت، موسوڵمان بێت، ئێزدی بێت، ھەر کەسێک لەم وڵاتە بژیت، خاوەن مافێکی یەکسانن. بەڵام لەبەر ئەو ھۆکارەی کە کریستیان وەکوو نەتەوە یانیش وەکوو دین، رەنگە ژمارەیان کەمتر بێت. ئەو حکوومەتەی ئێمەش ھەموو کاتێک لەسەر ئەوە راوەستاوە کە زیاتر لەبەرچاو بگیرێن و مافێکی زیاتریان بۆ دەستنیشان بکرێت، بۆ نموونە یەکێک لەو شتانەی کە کراون ئەوەبوو کە کۆتایەک لەسەر ئاستی پەرلەمان دابنرێت و ١١ کورسی دانرا، بەڵام حزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکە دژی ئەوە راوەستان، دیسان بە پێداگریی ئێمە بووە کە بەشێک لەو کۆتایانە گەڕانەوە و زۆر زۆریش گرنگە کە ئەو پەرلەمانەی داھاتوو جارێکی دیکە داکۆکی لەوە بکات کە ئەم کۆتایە جارێکی دیکە بۆ ئەو پێکھاتانە بگەڕێنەوە تا بەشداریی ئەوان لەسەر بنەمای ژمارە نەبێت، بەڵکوو لەسەر بنەمای پێکھێنانی ئەو کۆمەڵگەیەی کوردستان بێت کە تا ئێستا ئێمە شانازیی پێوە دەکەین.
بۆ دامودەزگا خۆجێییەکانی دھۆک من لەو باوەڕەم کە خەڵک دامەزراون، بەڵام لەوانەیە ئێوە زیاتر داخوازیتان ھەبێت، بۆ ئەمەش ئێمە ئامادەین لەگەڵ دامودەزگا ئیدارییەکان قسە بکەین تا بزانین چ دەکرێ. حەز دەکەم دڵنیا بیت کە بە ھیچ جۆرێک فەرق و جیاوازی لە نێوان ھاووڵاتیانی کوردستان ناکرێت، کریستیان بێت، ئێزدی بێت، تورکمان بێت، عەرەب بێت، کورد بێت، ھەر کەسێک لە کوردستان دەژی، دەبێ خاوەن مافێکی یەکسان بێت.
*من فەلەکم، کچە شەھیدێکی گەنج، پرسیاری من ئەوە بوو کە چ جیاوازی ھەیە لە نێوان منداڵانی شەھیدانی داعش و شەھیدانی پێش داعش؟ بۆ نموونە باوکی من شەھیدی ساڵی ١٩٩٨ـە لە شەڕی پەکەکەدا، لەبەر ئەوەی تەمەنی ئەو کەم بوو و ٢٣ ساڵیی خۆی تەواو نەکردبوو، تا ئێستا بەھانەیە بۆ ھەموو دەزگاکان و ھیچی بۆ ناکرێ، دەڵێن تەمەنی کەمە و پلەی کەمە، بەڵام شەھید ھیچ پلەی پێویست نییە، ئەگەر شەھید بوو ئیتر تەواو. ئێمە نووسراویش دەنێرین، ناگاتە دەستتان.
سەرۆکی حکوومەت: داخوازیتان چیە؟
*داخواز ئەوەیە کە بۆچی ھیچ ناکرێ و مووچەی ئەوان کەمە و لە ھیچ شتێک بەشدار نابن.
شەھید مەزنترین پلە و پایەیە ھەر کەسێک پێی بگات
سەرۆکی حکوومەت: بەس پرسیار ئەوەیە کە چ جیاوازی ھەیە لە نێوان منداڵانی شەڕی داعش و ئەوانی پێشتر ھەیە؟ زۆر سوپاس. وەک تۆ ووتت، شەھید مەزنترین پلە و پایەیە ھەر کەسێک پێی بگات. پۆست بۆ شەھید دەستنیشان ناکرێن چونکە شەھید بە خۆی بەرزترین پلەیە. شەھید و ماڵی شەھید ھەقیان بەسەر ئێمە ھەموان ھەیە، بەبێ موجامەلە و بەبێ قسە. ناڵێم شت نەکراوە، بەڵام رەنگە لە ئاستی پێویست نەبێت. مووچە رەنگە ھەبێت بەڵام وەکوو ئەوەی ئێوە دەتانەوێت نەبێت، بەڵام شت ھەیە و کراوە. جیاوازیی نێوان شەھیدانی شەڕی داعش و شەھیدانی پێش ئێستا نییە. بەڵام ئەو بارودۆخەی شەڕی تێدا کراوە و ئەو منداڵانەی کە بە تایبەت گەلێک تەمەنی ئەوان بچووک بووە، پاش شەڕی داعش منداڵی ئەوان زۆر بچووک بوون، ھیچ داھاتیان نەبوو، دۆخیان زۆر خراپ بوو، من گەلێکم بینین خێزانی شەھیدان تەمەنیان زۆر زۆر کەم بوون، گرنگییان پێدرا چونکە شەھیدانی پێش ئێستا راستە کە پلەی شەھید ھەمووی وەک یەکە، بەڵام ئەوانەی ئێستا گەلێک منداڵیان بچووک بوو، گرینگییان پێدرا تا ھەڵسنەوە سەر پێیان خۆیان و ھەندێک رابگیرێن، ئەگینا ھیچ جیاوازییەک لە نێوان شەھیداندا نییە و ئەوەی بۆ منداڵانی شەھیدی شەڕی داعش دەکرێت، دەبێ بۆ منداڵانی شەھیدانی دیکەش بکرێن.
ئەم بابەتە 14928 جار خوێندراوەتەوە