دەربازبوون لە ستەم؛ سەعدە خدرزادە ئێرانی بەجێهێشت

پەیامی کورد   ...   دەربازبوون لە ستەم؛ سەعدە خدرزادە ئێرانی بەجێهێشت

"سەعدە خدرزادە"، بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی پیرانشار کە پاش زیاتر لە ٣ ساڵ لەگەڵ منداڵە بچووکەکەی لە زیندانی ناوەندی ورمێ بە مووڵەت ڕەوانە کرابوو، بۆ ڕزگاربوون لە زوڵم و ستەمکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خاکی کوردستان و ئێرانی بەجێ هێشت.

سەعدە خدرزادە کە دوای ٤٠ مانگ لە زیندان بۆ یەکەم جار مووڵەتی ٢٠ ڕۆژەی پێدرا، ڕۆژی ١٣ی ڕەشەممە لەگەڵ کچە لاوەکەی "سۆلینا" کوردستان و ئێرانی بەجێهێشت.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە دوای تێپەڕاندنی ٤٠ مانگ زیندانی بەردەوامی بێ مووڵەت لە بەرامبەر بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢.٥ میلیارد تۆمان، بە مووڵەت ئازاد کرا.

سەعدە خدرزادە و کوڕە لاوەکەی بۆ یەکەمجار بۆ مووڵەت ڕەوانە کران، سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و داواکارانی دۆسیەکەی چەندین جار ڕێگرییان لە ڕەوانەکردنی مووڵەت کردووە، تەنانەت بە دانانی بارمتەی قورسیش.

بە هۆی فشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و ئەو هەلومەرجە نامرۆڤانەی کە خۆی و منداڵەکەی لە زیندان ڕووبەڕووی بووەتەوە، خاتوو خدرزادە چەندین جار مانی لە خواردن گرتبوو و تەنانەت هەوڵی خۆکوشتنیشی دابوو، لە کاتی لە دایکبوونی منداڵەکەیدا نەیتوانی چاوی بە کەس بکەوێت و هێشتا منداڵەکەی ناسنامەی نییە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن دادگای تاوانەکانی مەهاباد ١ بە تۆمەتی "هاوکاری لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران" و "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری نیزام" بە ١٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

هەروەها خاتوو خدرزادە لەلایەن بنەماڵەی خۆبەختکەری شاکیرەوە کە ئەندامی سوپای پاسدارانن، هەڕەشەی کوشتنی لێکرا.

سەعدە خدرزادە لە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠١ بە بێ فەرمانی قەزایی لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر و ڕۆژی ٧ی نۆڤەمبەر لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ گواسترایەوە.

شایانی باسە کە لە ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ دا یەکێک لە خۆسەبازەکانی سوپای پاسداران بە ناوی "خدر پیرۆتینیە" بە دەستی چەکدارانی نەناسراو کوژرا بنەماڵەی ئەم خۆسەبازە ناوی مێردەکەی سەعدە خدرزادەیان وەک یەکێک لە تاوانبارانی کوشتنی کوڕەکەیان ناوە و لە جیاتی ئەمنییەتی ڕێژیمەکان ئەو کچەیان دەست بەسەر کردووە لە هاوسەرەکەی.


ئەم بابەتە 60 جار خوێندراوەتەوە