دەربڕینی خواستی ترامپ بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئێران
پەیامی کورد ... دەربڕینی خواستی ترامپ بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئێران
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کاندیدی پارتی کۆماریخواز لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، خواستی خۆی بۆ دروستکردنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئێران لە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا دەربڕی.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێک سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی بە پشت بەستن بە میدیای ئەمریکی نیویۆرک پۆست، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە یانەی گۆڵفەکەی لە شاری بێدمینستەر لە ویلایەتی نیووجێرسی، ترامپ ڕایگەیاند کە چاوی لە خراپ بوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران نییە و ووتی : هیوادارم پەیوەندییەکانمان هەبێت و دۆستانە دەبن چوونکە بڕیارە ئێمە هاوڕێ بین بەڵام ناتوانن چەکی ئەتۆمییان هەبێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە دیداری مانگی ڕابردووی لەگەڵ بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی، ووتی: لەو دیدارەدا ئامۆژگاریم کرد کە کوشتار لە غەززە ڕابگیرێت.
ترامپ ووتی : ناتانیاهوو دەزانێت چی دەکات، ووتی : من هانمدا کە دەبێت بە خێرایی سەرکەوتنەکەت بەدەست بهێنیت چوونکە دەبێت ئەم کوشتنانە بوەستن.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا زیاتر ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا گرت و ووتی : ئێمە بە ووڵاتێکی شکست خواردوو دادەنرێین بەهۆی سیاسەتەکانی جۆ بایدن لە ساڵانی ڕابردوودا.
هەروەها ترامپ هێرشی کردە سەر جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ئاماژەی بەوەدا کە کامالا هاریس بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو خراپە لەگەڵ هەندێک لە هاوپەیمانە گەورەکانمان و دەزانن مەبەستم لە کێیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، مانگی ڕابردوو بەهۆی سیاسەتەکانی هاریس و بایدنەوە 35 هەزار کرێکاری ئەمریکی کارەکانیان لەدەستداوە و زیادیکردووە: هەروەها بەهۆی سیاسەتەکانیانەوە نرخەکان بەرزن و بەرزبوونەتەوە.
ترامپ هەروەها ووتی: هاریس مووڵەتی کارکردنی بە زیاتر لە 3 ملیۆن کۆچبەری نایاسایی داوە بۆ دزینی هەلی کاری ئەمریکی.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ڕێزێکی ئەوتۆی بۆ زیرەکی بایدن جێگری سەرۆکی ئەمریکا نییە و جەختی لەوە کردەوە: پێموایە سەرۆکێکی ترسناک دەبێت، هەر بۆیەش زۆر گرینگە ئێمە سەرکەوین.
ئەم بابەتە 11214 جار خوێندراوەتەوە