دەزگای خێرخوازی بارزانی بڕێك دەرمانی پێشكەشی كەرتی تەندرووستی کرد
پەیامی کورد ... دەزگای خێرخوازی بارزانی بڕێك دەرمانی پێشكەشی كەرتی تەندرووستی کرد
لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ کۆمەکی مرۆیی و تەندرووستی، پێنجشەممە وەکو ھەماھەنگکار لەنێوان ڕێکخراوی کۆڵەک و وەزارەتی تەندرووستی توانی بڕێکی زۆری دەرمان و پێداویستی پزیشکی پێشکەشی تەندرووستی ھەولێر بکات.
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا پێنجشەممە ١٣-٣-٢٠٢٥ بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ووتی، ئەمڕۆ توانیمان ھەماھەنگی بکەین بۆ گەیاندنی دەرمان و کۆمەکی تەندرووستی کە لە لایەن ڕێکخراوی کۆڵەک دابین کرابوو و پێشکەشی وەزارەتی تەندروستیمان کرد لە تەندرووستی ھەولێر.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، دەزگای خێرخوازی بارزانی ھەمیشە بە ھەستی نیشتیمانی و مرۆڤدۆستییەوە بەردەوام بووە لە گەیاندنی کۆمەک و ھاوکاری مرۆیی و تەندرووستی بێ جیاوازی بۆ کەرتی تەندرووستی و پەنابەران.
لای خۆیەوە دلۆڤان محەممەد، بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی ھەولێر ڕایگەیاند، سوپاسی ڕێکخراوی کۆڵەک دەکەین، گەیشتنی ئەو بڕە زۆرەی دەرمان کە بایی ملیارێک دینارە بەدڵنیایی کاریگەری دەبێت لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ھاووڵاتییان لە نەخۆشخانەکاندا.
بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی ھەولێر ئەوەشی خستەڕوو، دەزگای خێرخوازی بارزانی ھەموو کات پێشەنگ بووە لە گەیاندنی کۆمەک و ھاوکاری بۆ کەرتی تەندرووستی و کەرتەکانی تر بێ جیاوازی، بۆیە شایەنی سوپاس و پێزانینن.
ئەم بابەتە 42 جار خوێندراوەتەوە