دەزگای هەواڵگری دانیمارک هۆشدارییەکی گرینگ ڕادەگەینێت
پەیامی کورد ... دەزگای هەواڵگری دانیمارک هۆشدارییەکی گرینگ ڕادەگەینێت
دەزگای هەواڵگری دانیمارک، هۆشداری دا سەبارەت بەوەی کە ڕووسیا خۆی بۆ شەڕێکی بەرفراوان لەگەڵ ئەورووپا ئامادە دەکات و ڕایگەیاند، مۆسكۆ توانای ئەوەی هەیە لە هەمان کاتی جەنگی ئۆکراین دا، لە دژی یەکێک یان چەند ووڵاتێکی ناتۆش شەڕ بكات. دەشڵێت، "بە كشانەی ئەمریكا لە هاوپەیمانیەتی ناتۆ و لاوازبوونی، ئەگەری هێرشی ڕووسیا زیاتر دەكات".
دەزگای هەواڵگری دانیمارک، سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ڕەنگە ڕووسیا لە ماوەی ٥ ساڵ دا و دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ئۆکراین ئامادەکاری بکات بۆ شەڕێکی بەرفراوان لە ئەورووپا.
بەگوێرەی گریمانەكانی دەزگاكە، ئەمریکا شان بەشانی ووڵاتانی ناتۆ بەشداری شەڕێکی لەو شێوەیە ناکات، ئەمەش بە پشت بەستن بە شیکارییەکانی ئێستای بۆ مەترسییەکان. هەروەها پێیان وایە کە ڕووسیا توانای ئەوەی هەیە لە هەمان کاتی جەنگی ئۆکراین ، لە دژی یەکێک یان چەند ووڵاتێکی ناتۆش شەڕ بكات.
دەزگای هەواڵگری دانیمارک باسی لەوەش كرد، ئەگەر ململانێکان لە ئۆکراین کۆتایی پێ بێت یان سنووردار بێت، ئەوە ڕووسیا دەتوانێت سەرچاوەی سەربازی بەرچاو تەرخان بکات و ئەگەری هەیە لە ماوەی شەش مانگدا شەڕ لە دژی ووڵاتێکی دراوسێ بکات.
هەواڵگری دانیمارک هیچ پلانێکی کۆنکرێتی ڕووسیا نابینێت بۆ ئەنجامدانی شەڕ لە دژی ووڵاتێکی ناتۆ، بەڵام ئەگەری ئەوە زیاترە کە ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ووڵاتانی هاوپەیمانیەتەكە ئەگەر بە لاوازی بزانێت، بۆ نموونە ئەگەر ئەمریکا پشتیوانی خۆی بکشێنێتەوە.
ماوەیەکە ووڵاتانی باکووری ئەورووپا نیگەرانن لە هەڕەشەی ڕووسیا و دەزگا هەواڵگرییەکانی چەند ووڵاتێکی باکووری ئەورووپا هێرشێک لە ڕووسیا بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆیان دەزانن.
ئەم بابەتە 67 جار خوێندراوەتەوە