دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان؛ ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە
پەیامی کورد ... دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان؛ ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەێنێت، سەرجەم هەنگاوە تەکنیکی و کارگێڕییەکان ئامادەکراون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری جەیهانەوە، بەم نزیکانەش ئەم پرۆسەیە دەست پێدەکات.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتدا، داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم کراوە، بەپێی هەموارکردنەوەی بوودجەی پەسەندکراو و لە چوارچێوەی پشکی ئۆپێک، بە سەرپەرشتی کۆمپانیای دەوڵەتی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، نەوتی دەرهێندراویان هەناردە بکەن.
ھەروەھا پێویستە ھەرێمی کوردستان داهاتی فرۆشتنی نەوت ڕاستەوخۆ بخاتە سەر هەژماری سۆمۆ؛ هەنگاوێک کە بەغدا جەختی لەسەر دەکاتەوە و بە پێویستی دەزانێت بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە نەوتییەکانی ووڵات.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان جەختیان لەسەر مافی خۆیان کردبووەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی سەربەخۆ داهاتی نەوت کۆنتڕۆڵ بکەن.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تورکیا خۆی بۆ کردنەوەی بۆری جەیهان ئامادە دەکات. بەڵام ئانکارا ڕایگەیاندووە، دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکان پەیوەستە بە یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی ڕابردووی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا تورکییەکان. ناکۆکی دارایی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لەسەر داهاتی هەناردەکردنی نەوت لە ساڵانی ڕابردوودا گرژی درووستکردووە.
هەروەها ڕۆڵی ئەمریکا لە خێراکردنی ئەم ڕێککەوتنەدا بەرچاوە. هەندێک لە ڕاپۆرتەکان لەوانەش ڕۆژنامەی شەرق بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیدارەی پێشووی ئەمریکا هەڕەشەی لە عێراق کردبوو کە ئەگەر مووڵەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەرنەکات، بەغداش دەكەوێتە ژێر سزاکانی ئەمریکاوە.
لە کاتێکدا ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر وەک هەنگاوێکی گرینگ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری هەرێمی کوردستان سەیر دەکرێت، بەڵام هێشتا ئاستەنگەکان ماون. بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق هۆشدارییان داوە، بەبێ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز، ڕەنگە ڕێککەوتنەکە لاواز بێت و ناکۆکییەکانی ڕابردوو دروست ببێتەوە.
ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە وەستان، بە پێشهاتێکی گرینگ لە چارەسەرکردنی قەیرانی ووزەی عێراق دادەندرێت. بەڵام سەركەوتنی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنه بەنده به چەند هۆکارێكەوه، وەك; قەرزەکانی هەرێم به تورکیا، چاودێری بەغدا لەسەر داهاتی نەوت، پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز له پەرلەمانی عێراق و بەڕێوەبردنی قەیرانی ئابووری و ناڕەزایەتییەكاتییەكانی هەرێم.
ئەم بابەتە 60 جار خوێندراوەتەوە