دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆسلۆ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران

پەیامی کورد   ...   دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆسلۆ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران

بەرپرسێکی پۆلیسی ئاسایشی نۆرڤێژ ڕایگەیاند کە پاسەوانێکی ئەمنییەتی باڵوێزخانەی ئەمریکا لەم ووڵاتە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە.
ئاژانسی فرانس پرێس نووسیویەتی: بە ووتەی ئەم بەرپرسەی پۆلیسی نۆرڤێژی، ئەم پیاوە تەمەن ٢٠ ساڵە، کە هاووڵاتی ئەم ووڵاتەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ئەم مانگە لە ماڵەکەی خۆی لە ئۆسلۆ دەستگیر کراوە.

دادگا بڕیاریدا بۆ ماوەی ٤ هەفتەی تر لە زیندان بمێنێتەوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر. ئەو کەسەی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، ئەگەر تاوانبار بکرێت، لانیکەم ١٠ ساڵ زیندانی دەکرێت.

تۆماس بلووم، پارێزەری دەزگای پۆلیسی ئاسایشی نۆرڤێژ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، تۆمەتبار هاوکارە لەگەڵ ئەفسەرانی پۆلیس.

ئاماژەی بەوەشکرد، "تازە پێداچوونەوەمان بە زانیارییەکاندا کردووە و لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام دەدەین".

جگە لەوەش تۆمەتبارەکە گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە بەشداری لە کارە نایاساییەکانی دیکەدا بکات کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ووڵاتانی سێیەم بگەێنێت. ئەم تاوانە تا ٣ ساڵ سزا دەدرێت.

یان کریستیان ئێلدن، پارێزەری بەرگریکاری پاسەوانە دەست بەسەرکراوەکە ڕایگەیاندووە، پارێزەرەکەی لەگەڵ ئەفسەرانی ئیتلاعات لە ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی هەبووە، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا زانیاری نهێنی هەیە کە بەپێی یاساکانی دژە سیخوڕی لەدژی ئەو کەسە کەڵک وەربگیرێت یان نا.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، تا ئێستا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆسلۆ هیچ لێدوانێکی نەداوە.

پۆلیسی نۆرڤێژ ڕایگەیاندووە، هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بەردەوامە و لێکۆڵینەوەی تەواو لەسەر دۆسیەکە دەکرێت.

هاوکات ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی ئێران تا بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز بە فەرمی هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە.


ئەم بابەتە 109 جار خوێندراوەتەوە