دەستەی دەستپاکی : لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ناوەكان بڵاو دەكەینەوە

پەیامی کورد   ...   دەستەی دەستپاکی : لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ناوەكان بڵاو دەكەینەوە

دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ڕەشنووسی میساقی شەرەف ئامادە دەکات و دوو هەفتە دەداتە حزبەکان ڕا و سەرنجی خۆیان لەسەری بخەنەڕوو.

دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لەسەر داوای دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، بە هاوكاری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان (UN) و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەك بۆ نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ساز كرا.

بەپێی ڕاگەیاندراوی ئەو دەستەیە، كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردن بووە لەسەر ڕەشنووسی "میساقی شەڕەف" لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و دەستەی دەستپاكی كە بە هاوكاری شارەزایانی (UNDP) ئامادە كراوە، دوای گفتوگۆكردن بڕیار درا حزبەكان لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا تێبینی و ڕای خۆیان لەبارەی میساقەكە بگەیەننەوە دەستەی دەستپاكی، تا ئامادەبێت بۆ پەسەند كردن.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە، گرنگیی بڕگەكانی میساقەكە، پابەندبوونی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە بە پڕەنسیپی سەروەری یاسا و بنەماكانی حوكمڕانی تەندرووست و دەستپاكی و دژایەتی گەندەڵی، هەروەها پیادەكردنی شەفافییەت لە كاروباری ناوخۆی لایەنەكاندا و ڕێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

دەستەکە دەڵێت: ڕای گشتی ئاگەدار دەكەینەوە، لە داهاتوودا هەر حزبێكی سیاسی واژوو لەسەر میساقی پەسەندكراو بكات، ناوەكەی بڵاو دەكەینەوە.


ئەم بابەتە 21143 جار خوێندراوەتەوە