دەست بەسەر كردن و ئەگەری دەرکردنی ئیمامی جەماعەتی ناوەندی ئیسلامی “ئیمام عەلی” لە ستۆکهۆڵمی سوید
پەیامی کورد ... دەست بەسەر كردن و ئەگەری دەرکردنی ئیمامی جەماعەتی ناوەندی ئیسلامی “ئیمام عەلی” لە ستۆکهۆڵمی سوید
موحسین حەکیموڵڵاهی، ئیمامی جەماعەتی ناوەندی ئیسلامی “ئیمام عەلی” لە ستۆکهۆڵم، زیاتر لە دە ڕۆژە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سویدەوە دەستبەسەر کراوە و لە یەکێک لە ناوەندەکانی دەست بەسەرکردنی کۆچبەرانی ئەو ووڵاتە ڕاگیراوە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوبراو لە لێواری دیپۆرتکردنەوەی لە سویددایە، بەڵام هێشتا ووردەکاری زیاتری ئەم بڕیارە نەزانراوە.
دەزگای ئاسایشی سوید ڕایگەیاندووە کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی تاوانی لە دژی حەکیموڵڵاهی نییە، بەڵام ڕوونکردنەوەیەکی بۆ هۆکاری دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی نەداوە.
ناوەندی ئیسلامی ئیمام عەلی بە یەکێک لە دامودەزگاکانی پەیوەست بە کۆماری ئیسلامی لە سوید دادەنرێت و پێشتریش سەرنجی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ئەمنیەتی ئەو ووڵاتەی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە.
هێشتا ڕوون نییە کە ئەمە بە هۆکاری ئەمنیەتی یان پرسی کۆچبەری بووە، بەڵام پێدەچێت دیپۆرتکردنەوەی ناوبراو بەشێک بێت لە سیاسەتە تووندەکانی سوید دژ بە نفووزی کۆماری ئیسلامی و لقەکانی لەو ووڵاتەدا.
ئەم بابەتە 44 جار خوێندراوەتەوە