دەقی ڕاگەێندراوی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان

پەیامی کورد   ...   دەقی ڕاگەێندراوی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و ڕایگەیاند: "پارتیمان بەڵێن بە کوردستانیان دەدات لەگەڵ دەنگدەرانى خۆى وەکوو هەمیشە ڕاستگۆ و لە ئاستى متمانەیان دابێت و، پەیام و بەرنامە و درووشمەکانى هەڵبژاردن بەشێک بن لە کارنامەى ئاییندە و بە جێبەجێکردنیان خزمەتى گەل و ووڵاتمان دەکەین".

دەقی ڕاگەێندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی:

بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مه‌سعوود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندی پارتیمان، شەممە ٢٦ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٤، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.

كۆبوونه‌وه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان، سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌مشه‌ له‌یاد ده‌ستی پێكرد، دواتر بە گوێرەى خشتەى دیاریکراوى کۆبوونەوەکە چەند بابەت و تەوەرێک خرانە بەر باس و گفتوگۆکردن.

تەوەری یەكەم/ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان: 

پڕۆسەى هەڵبژاردن بەر لە ئەنجامدانى لە ٢٠ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٤، بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕى، هەر لە سەرەتاى بڕیار و دیاریکردنى یاسا و ڕێکارەکان، هەڵوێستى پارتیمان ڕوون و ئاشکرا بوو کە دەبێ هەڵبژاردن لە خزمەت پێشکەوتن و سەقامگیرى هەرێمەکەمان دابێت و دووربێت لە دەستێوەردان و بڕیارى پێشوەختە، هەروەها بە شێوەیەکى یاسایى و ئازادانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت، لەو بارەوە لەکاتى خۆیدا مەکتەبى سیاسیمان ڕاگەێندراوێکى بۆ بەرچاو ڕوونى جەماوەرى کوردستان و عێراق و هەموو لایەنەکان بڵاوکردەوە، دواتر و دواى پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەى بەشێک لە هەڵەکان و ئەو گرفتانەى کە هەبوون، پڕۆسەى هەڵبژاردن بەو ڕێکارانەى کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دیاریکردن بەڕێوەچوو، لەگەڵ بوونى هەندێک تێبینى، پڕۆسەکە سەرکەوتووانە ئەنجامدرا و، سەرۆک (مەسعوود بارزانى) و سەرکردایەتى پارتى سوپاسى جەماوەرى خۆڕاگرى کوردستان بە گشتى و تەواوى ئۆڕگان و دامەزراوەکان و بەرپرس و کادیر و ئەندام و کەسایەتى و لایەنگرانى پارتیمان بە تایبەتى، هەروەها تەواوى بەرپرس و کادیرانى پارتى لە دامودەزگاکانى حکوومەت و پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانیان کرد، کە بەوپەڕى دڵسۆزى و لێهاتووییەوە بەشدارى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردن بوون و بەشێوازێکى شارستانیانە ڕەفتاریان نواند چ لەکاتى هەڵمەتى هەڵبژاردن و چ لەکاتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە لە ٢٠/ ١٠/ ٢٠٢٤.

کۆبوونەوە سوپاس و پێزانینى سەرۆک بارزانى و کۆمیتەى ناوەندی پارتى بۆ جەماوەرى تێکۆشەرى کوردستان دووپاتکردەوە کە جارێکى دیکە متمانەیان بەخشیەوە بە پارتى و ڕێبازى بارزانى و، لە ڕێگاى پڕۆسەیەکى دیموکراتییەوە بە دەنگەکانیان پێشەنگی پارتیان پاراست وەکوو حیزبى ژمارە یەکى کوردستان هەم لەڕووى ژمارەى دەنگ و هەمیش لە ڕووى کورسى پەرلەمانى لە سەرووى هەموو لایەنەکان مایەوە.

ئەم متمانە پتەوەى خەڵکى کوردستان ئەرکى پارتى لەم قۆناغە هەستیارەدا قوڕستر کردووە و، پارتیمان بەڵێن بە کوردستانیان دەدات لەگەڵ دەنگدەرانى خۆى وەکو هەمیشە ڕاستگۆ و لە ئاستى متمانەیان دابێت و، پەیام و بەرنامە و دروشمەکانى هەڵبژاردن بەشێک بن لە کارنامەى ئاییندە و بە جێبەجێکردنیان خزمەتى گەل ووڵاتمان دەکەین.

هەروەها سوپاسى تایبەتى گشت سەرپەرشتیار و بریکارەکانى پارتیمان لە بنکە و وێزگەکانى دەنگدان دەکەین، کە بەچاوکراوەیى و هەستکردن بە بەرپرسیارییەتى ڕەفتاریان کرد، هاوکات سوپاسى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق و بەرپرس و فەرمانبەرانى دەکەین کە لە هەوڵ و کۆششى بەردەوام دابوون لە بەڕێوەبردنى پڕۆسەکە و چارەسەرکردنى گرفتەکان.

دامودەزگا ئەمنیەکانى کوردستان بۆ پاراستنى پڕۆسەکە و دەنگدەران و بنکەکانى دەنگدان ماندووبوون و توانیان کەشێکى ئارام و پارێزراو بۆ بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە فەراهەم بکەن، پارتیمان پێزانى بۆ ڕۆڵى کاریگەریان هەیە و سوپاسى یەک بەیەکیان دەکات.

کۆبوونەوە، سەرکەوتنى پڕۆسەى هەڵبژاردنى بە سەرکەوتنى دیموکراسیەت لە کوردستان ناوزەندکردوو، لە ئێستادا پارتیمان چاوەڕێى ئەنجامەکانى کۆتایى هەڵبژاردن دەکات بۆ هەنگاونانى قۆناغى دواى هەڵبژاردن.

ته‌وه‌ری دووه‌م/ په‌یوه‌ندییه‌کانى پارتیمان: 

لەم تەوەرەیەدا تیشک خرایە سەر پەیوەندییە نێوخۆیى و عێراقى و هەرێمایەتییەکانمان، کە پارتیمان بە ئاراستەى پاراستنى بەرژەوەندی کوردستان و ڕێزگرتن لە سەروەری ووڵاتانى دراوسێ هەنگاوى ناوە و، هیوادارین کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە کە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ لە پەرەسەندندان بە دیالۆگ چارەسەربکرێن بەبێ زمانى هەڕەشە و بەکارهێنانى چەک، هەروەها داواکارین عێراق خۆى بەدووربگرێت و لەو کێشانە تێوەنەگلێندرێت چوونکە بارودۆخى عێراق زۆر هەستیارە و ئالنگارى زۆرى لەبەردەم دا هەیە.

ته‌وه‌ری سێیه‌م/ خوێندنەوەى ڕاپۆرتى لیژنەى باڵاى سەرپەرشتى هەڵبژاردن و، بەشە پەیوەندیدارەکانى مەکتەبى سیاسى و مەکتەبى ڕێکخستنى پارێزگاکانى پارتیمان:

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا ناوەڕۆکى ڕاپۆرتەکان خرانەڕوو و، کورتەیەک لە شێوازى کار و چالاکى هەڤاڵان و ئۆرگانەکان لە قۆناغەکانى پلان و بەرنامەڕێژى و ئامادەکارى، هاندان و ئەنجامدانى پڕۆسەى دەنگدەر بە دەنگدەر، هەڵمەتى هەڵبژاردن و ڕێگریکردن لە چەواشەکارى و بێ ئومێدکردنى جەماوەر خرانە بەر باس، هەروەها ڕۆڵ و کاریگەرى بەرپرس و هەڤاڵان و ئۆرگانەکان، میحوەر و تیمە مەیدانییەکان، تیمەکانى ڕێکخراوەکانى ئافرەتان و قوتابیان و لاوان و، ڕێکخراوە پیشەییەکان تاوتوێ کران و ڕۆڵیان بە گرینگ و بەرز نرخێنرا، لە لایەکى دیکەوە ڕۆڵى بەرپرس و کادیرانى پارتیمان لە حکوومەت و هێزى پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان کە هەموو بەیەکەوە و بە هەماهەنگى بۆ سەرخستنى لیستى (١٩٠)ى پارتیمان بەوپەڕى لێزانى و لە خۆبووردەییەوە کاریانکرد، بەرز نرخێندرا.

ته‌وه‌ری چواره‌م/ ڕاگەیاندن و هەڵمەتى میدیایى:

ڕاگەیاندنى پارتیمان بە بەرپرس و کادیران و میدیاکارانى دەزگا و ناوەند و کەناڵەکانى تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، سۆشیال میدیا، ماڵپەڕ و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانەوە ڕۆڵێکى بەرچاویان هەبوو لەم پڕۆسەیەدا، هەم لە ڕووى هۆشیارکردنەوەى جەماوەر و گەیاندنى ڕێنمایى پێویست و پەیامى پارتیمان، هەمیش لە ڕووى بەرپەرچدانەوەى چەواشەکاری نا حەزان، هەڤاڵان و ڕاگەیاندنمان بە شێوازێکى شارستانى و دوور لە تێکدانى ئاسایشى کۆمەڵایەتى و نیگەرانکردنى خەڵکى کوردستان، بانگەشەیەکى میدیایى شیاویان لە ئاستى مێژوو و گەورەیى پارتى و ڕێبازى بارزانى نیشاندا. 

ته‌وه‌ری پێنجه‌م

كۆبوونه‌وه‌  گفتوگۆى پێویستى لەبارەى قۆناغى دواى پەسەنکردنى ئاکامەکان و ڕێکارە یاساییەکانى پێکهێنانى کابینە و دامودەزگا شەرعیەکانى هەرێم ئەنجامدا، هەروەکوو پێشتر جەنابى سەرۆک و مەکتەبى سیاسى جەختیان کردووە کە لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەیى و نیشتمانییەکان و پاراستنى قەوارەى دەستوورىى هەرێم، پارتیمان ڤیتۆى لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نیە و، ئەوەى لاى پارتى پێشینە و گرینگە لەم قۆناغەدا پاراستنى قەوارەى هەرێم و هەبوونى یەک حکوومەتى سەرتاسەرى و پاراستنى ماف و ئازادییەکانى خەڵکى کوردستان و خزمەتکردنى هاووڵاتیانە، بۆ ئەم مەبەستە کۆبوونەوە دەسەڵاتى دا بە مەکتەبى سیاسى کە بە گوێرەى پێویست بەرنامەڕێژى بکات و هەنگاوى گونجاو بنێت.

ته‌وه‌ری شه‌شه‌م

لە تەوەرى کۆتایى کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کێشە و کەموکوڕییەکانى پڕۆسەکە و، بڕیاردرا کە تەواوى گرفت و کێشەکان دەستنیشان بکرێن و، گرفتەکانى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆر و نەخوێندنەوەى کارتى دەنگدان کە بەهۆیەوە ژمارەیەکى زۆر لە دەنگدەران بێ بەش بوون لە مافى دەنگدانیان و، هەروەها ئاڵۆزى پسوولەى دەنگدان کە بووە هۆى پووچەڵکردنەوەى ژمارەیەکى زۆر لە دەنگى ئەو خەڵکەى بە تاسەوە چوونە سەر سندووقەکانى دەنگدان بۆ دیاریکردنى نوێنەرى خۆیان لە هەڵبژاردن، چارەسەر بکرێن بۆ ئایندە.


ئەم بابەتە 725 جار خوێندراوەتەوە