دەیان ئەندامی داعش لە ئۆپراسیۆنی ئەمریکا لە سووریا کوژران
پەیامی کورد ... دەیان ئەندامی داعش لە ئۆپراسیۆنی ئەمریکا لە سووریا کوژران
فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەكان (سێنتكام) ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا چەند کەمپێکی داعشیان لە سووریا بە هێرشی ئاسمانی كردە ئامانج و لانیکەم ٣٥ ئەندامی ئەو گرووپەیان کوشت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سێنتکام، لە یەکێک لەو هێرشانەدا کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕوویداوە، چەندین شوێن و فەرماندە باڵاکانی داعش لە بیابانەکانی ناوەڕاستی سووریا کراونەتە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە توانای داعش بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرشەکان لە دژی خەڵکی مەدەنی و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ناوچەکە كەم دەكەنەوە. پێشتر سوپای ئەمریکا بە هاوکاری هێزە عێراقییەکان چەکدارانی داعشی لە عێراق کردبووە ئامانج.
هەروەها لە کۆتایی مانگی خەرمانان سێنتكام کوژرانی چوار سەرکردەی باڵای داعشی ڕاگەیاند كە بریتین لە، ئەحمەد حەمید حسێن عەبدۆلجەلیل ئەلایتاوی، ئەبوو هەمام، ئەبوو عەلی توونسی و شاکر عەبد ئەحمەد ئەلعیساوی لە ئۆپراسیۆنەکانی عێراقدا.
ئەم بابەتە 28 جار خوێندراوەتەوە