زانایانی ژاپۆنی هۆشداری دەدەن لە ڕوودانی "بوومەلەرزەیەکی گەورە" کە ٣٠٠ هەزار قوربانی لێکدەکەوێتەوە

پەیامی کورد   ...   زانایانی ژاپۆنی هۆشداری دەدەن لە ڕوودانی "بوومەلەرزەیەکی گەورە" کە ٣٠٠ هەزار قوربانی لێکدەکەوێتەوە

دەزگای کەشناسی ژاپۆن هۆشدارییەکی جیددی سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی گەورە (مێگابوومەلەرزە) لە ناوچەی نانکای لە زەریای هێمن بڵاوکردەوە.

ئەم هۆشدارییە بە پشت بەستن بە یاسای نوێ لە دوای بوومەلەرزە و کارەساتی تسونامی ساڵی ٢٠١١ لەم وڵاتە دەرچووە. زانایان مەزەندەیان کردووە کە ئەگەری ڕوودانی ئەم بوومەلەرزەیە لە ٣٠ ساڵی داهاتوودا نزیکەی ٧٠% دەبێت.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ناوچەی نانکای کە لە مێژوودا شوێنی بوومەلەرزە گەورەکان بووە بە گوڕی ٨ بۆ ٩، توانای درووستکردنی سۆنامی گەورە و وێرانکەری هەیە کە دەتوانێت زیانێکی زۆر بە کەنارئاوەکانی باشووری ژاپۆن بگەێنێت.

بەپێی هەڵسەنگاندنی پسپۆڕان لە خراپترین حاڵەتدا ڕەنگە 300 هەزار کەس گیانیان لەدەست بدەن و زیانەکانیش بگاتە 13 ترلیۆن دۆلار. سەرەڕای ئەوەش دەزگای کەشناسی ژاپۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هۆشدارییە بە مانای بوومەلەرزەیەکی نزیک نییە، بەڵکوو مەبەست لێی زیادکردنی هۆشیاری و ئامادەیی خەڵکە.


ئەم بابەتە 12174 جار خوێندراوەتەوە