زانیاری سەبارەت بە کارا بوونەوەی گرووپی دۆستانی کوردستان دەخرێتەڕوو

پەیامی کورد   ...   زانیاری سەبارەت بە کارا بوونەوەی گرووپی دۆستانی کوردستان دەخرێتەڕوو

لەیادی دەیەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی یەکەمین گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا، نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە یەکێتی ئەورووپا دەڵێت، ئەو گرووپە جارێکیتر لە پەرلەمانی ئەورووپا دەست بەکارەکانی دەکاتەوە، لەپاش ھەوڵی بێ ووچانی لۆبی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە یەکێتی ئەورووپا، گرووپی دۆستانی کوردستان European Friends of Kurdistan لە ساڵی ٢٠١٣وە وەک یەکەمین گرووپی پەرلەمانتارانی ئەورووپی بۆ ناساندن و بەرگریکردن لە ماف و داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستان دامەزرا.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکیتی ئەورووپا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەمیانەی سەردانێکی فەرمی ئەو کاتی (مەسروور بارزانی) بۆ پەرلەمانی ئەورووپا لە مانگی یازدەی ٢٠١٤ بەفەرمی لە پەرلەمانی ئەورووپا دەست بەکاربوونی ئەم گرووپەی ڕاگەیاند، کە گرووپی دۆستانی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا لە تەواوی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی ئەورووپا پێکھاتبوو، کە ٣٥  پەرلەمانتاری زۆرینەی وڵاتانی ئەورووپای لەخۆگرتبوو".

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا دەشڵێت: "ئەو گرووپە وەک یەکەم گرووپی دۆستایەتی کورد لە ئەورووپا دامەزرا و لە ساڵانی جەنگی دژی داعش ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا لە گەیاندنی ماف و داخوازییەکانی ھەرێمی کوردستان بە ووڵاتانی ئەورووپا".

د. دلاوەر ئاژگەیی ووتیشی: "ھەرچەندە کارەکانی ئەو گرووپە لە دوای سەرھەڵدانی کۆڕۆنا و دوای ئەوەش بەکۆتای ھاتنی خولی پێشووی پەرلەمانی ئەورووپا، بۆ ماوەیەکی کاتی وەستان، بەڵام ئێستا وەک نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵدان بۆ دووبارە کاراکردنەوەی ئەو گرووپە و بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر کۆبوونەوەمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەورووپایی ئەنجامداوە".

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکیتی ئەورووپا، جەختیکردەوە: "کە ھەروەک چۆن گرووپی دۆستایەتی کوردستان وەک یەکەمین گرووپی لۆبی کورد دامەزرا و بووە پێشەنگی ئەو گرووپانەی کە دواتر پێکھێندران، ئاوھاش ئێستا ھەوڵدەدەن ئەو گرووپە بە کۆمەڵێ ئامانج و گڕووتینی نوێووە کارابکەنەوە و بۆ قۆناغێکی دیکەی ھەستیار و بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی ھەرێمی کوردستان ئامادە بکرێ".


ئەم بابەتە 23 جار خوێندراوەتەوە