زانیاری گرینگ سەبارەت بە قەدەغەی ھاتووچۆ

پەیامی کورد   ...   زانیاری گرینگ سەبارەت بە قەدەغەی ھاتووچۆ

جێگری پارێزگاری ھەولێر دەڵێت، لە ئەمڕۆ وە قەدەغەی ھاتووچۆ بۆ ماوەی دوو ڕۆژ جێبەجێ دەکرێت و تەنیا بازاڕی میللی دەکرێنەوە، بازاڕی گشتی داخراو دەبن، ھاتووچۆش لە نێوان شارەکان نابێت، پێویستە تەنیا بۆ کاری پێویست خەڵک لە ماڵ بێنە دەرەوە.
مەسعوود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر، ڕایگەیاند : ئەمشەو کاتژمێر ١٢ی شەو قەدەغەی ھاتووچۆ لە ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و بە ھیچ جۆرێک ھاتووچۆ لە نێوان شارەکان نامینێت و بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر بەردەوام دەبێت، تاوەکوو تیمەکانی سەرژمێری کاری خۆیان تەواو دەکەن، ڕێگە دراوە لەناوخۆی شار بازاڕە میللیەکان کراوە بن، بەڵام بازاڕی گشتی و مووڵەکان داخراو دەبن، ھاووڵاتییانیش تەنیا بۆ کاری زەرور دەتوانن دەربچن دەنا پێویستە لە ماڵ بمیننەوە، بەڵام وەکوو سەردەمی کەرەنتینە نابێت کە ھیچ کەسێک بۆی نەبێت بچێتە دەرەوە، چوونکە نانەواخانە و بازاڕی بچووک و نەخۆشخانە و ئەو شوێنانەی زەرورن کراوە دەبن.
مەسعود کاڕەش ووتیشی: فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان داناخرێن و کراوە دەبن، بۆ ئەوەی ھاتووچۆ و کاری بازرگانی بەردەوام بێت، بەڵام ھاتووچۆ کردن لە شارێک بۆ شارێکی دیکە بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
بڕیارە سبەی لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتی بەڕێوە  بچێت، بۆ کارئاسانی بۆ تیمەکانی سەرژمێری بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر پشوو دەبێت و قەدەغەی ھاتووچۆ ڕادەگەێندرێت.


ئەم بابەتە 23 جار خوێندراوەتەوە