زێلێنسکی لە سەعوودیە

پەیامی کورد    ...   زێلێنسکی لە سەعوودیە

ڕۆژی دووشەممە 10ی ئازار، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، لە سەروبەندی دانووستانە هەستیارەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئۆکراین، بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ محەمەد بن سەلمان بەرەو سەعوودیە بەڕێکەوت.
سەردانەکەی ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین بۆ سەعوودیە بۆ دیدار لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی ئەو ووڵاتە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە 11ی ئازار بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئۆکراین لە ڕیاز کۆببنەوە و تاوتوێی کۆتایی هێنان بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا بکەن.

ئامانجی دانووستانەکانی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئۆکراین لە سەعوودیە، گەیشتنە هەڵوێستی هاوبەشە لەسەر چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین، ئەمەش پێش دانووستانەکانی داهاتووی نێوان واشینتۆن و مۆسکۆ.

شاندی ئەمریکی لەم دانووستانانەدا بە سەرۆکایەتی مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوە و شاندی ئۆکراین پێکدێت لە ئەندری یەرماک، سەرۆکی ئەرکانی زێلێنسکی، وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، جێگری سەرۆکی ئەرکانی سەرۆکایەتی ئۆکراین هەروەها ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی.

سەرەڕای ئەوەی ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕایگەیاند کە ڕاستەوخۆ بەشداری دانووستانەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ناکات، بەڵام متمانەپێکراوترین ئەندامانی کابینەکەی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەمنی پێویست لە ئەمریکا وەربگرن پێش ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێکی ئەگەری ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا.

لە سەروبەندی ئەم دانووستانانەدا کە بۆ کیێڤ بە گرنگ دادەنرێت، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ئازار جەختی لەوە کردەوە: ئۆکرانیا هەر لە یەکەم چرکەی جەنگەوە داوای ئاشتی دەکات و تاکە هۆکاری بەردەوامبوونی شەڕەکەش ڕووسیا بوو.


ئەم بابەتە 43 جار خوێندراوەتەوە