ساسان عەونی : بەدواداچوونمان بۆ پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین كرد
پەیامی کورد ... ساسان عەونی : بەدواداچوونمان بۆ پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین كرد
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین دەكات، جەختیش لەسەر چارەسەركردنی گرفتە هونەری و یاسایی و لۆجیستییەكان دەكاتەوە، تاوەكوو پرۆسەكە باشتر بەڕێوە بچێت.
بەپێی راگەێندراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، یەكشەممە 9ی ئاداری 2025، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین كرد.
ئاماژە بەوە كراوە، كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوبەرانی گشتی نەخشەدانانی ئاوەدانی و كاروباری یاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هەروەها سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین و بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین و بەڕێوبەرایەتییەكانی نەخشەدانانی ئاوەدانی ئەو سنوورانە بەڕێوە چوو.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، وەزیری شارەوانی بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە كرد و لە كێشە و داواكاری فەرمانگەكانی كۆڵییەوە، شارەوانییەكانیش بە داتا و لەسەر نەخشە، زانیارییان لەسەر پرۆسەكە خستە ڕوو، كارە ئەنجامدراوەكانیان بۆ دابینكردنی زەوی لەگەڵ كێشە یاسایی و هونەری و مرۆییەكانیان باس كرد.
ئەوەش راگەێندراوە: "وەزیری شارەوانی جەختی لەسەر جیددییەتی پرۆسەكە كردەوە و داوای لە شارەوانییەكان كرد، باشتر كار لەسەر ئەو پرۆسەیە بكەن، بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەكان دەیانگرێتە سوودمەند بن لە وەرگرتنی زەوی، هەروەها جەختی لەسەر چارەسەركردنی داواكاری و كێشەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ئاستی پارێزگە و قەزا و ناحیە و بەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵ و فەرمانگەكانی دیكەدا كردەوە."
ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش كرد، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەكانە و پێویستە هەموو لایەك لەگەڵ شارەوانی هاوكار و هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە باشی بەڕێوە بچێت.
وەزیری شارەوانی، فەرمانگەكانی شارەوانی ڕاسپارد، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكانیان كار لەسەر چارەسەركردنی هەر جۆرە گرفتێكی یاسایی و هونەری و پرۆسەی قەرەبووكردنەوە و دەستنیشان كردنی زەوی بكەن و هەوڵ بدرێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا بە ڕاپۆرت كارەكانیان لەگەڵ گرفتەكانیان بخەنە ڕوو، ئەو شارەوانییانەی زەوییان نییە، زەوییان لە شوێنی دیكە بۆ بدۆزنەوە، هەروەها ڕووپێو و پێداویستی پرۆسەكەش دابین بكرێت و كێشەكان چارەسەر بكرێن، جەختیشی كردەوە: ”دەبێت پرۆسەكە بە باشی بەڕێوە بچێت.
ئەم بابەتە 36 جار خوێندراوەتەوە