سامان عارەب باس لە دەست پێکردنەوەی پڕۆژە ڕاگیراوەکان دەکات
پەیامی کورد ... سامان عارەب باس لە دەست پێکردنەوەی پڕۆژە ڕاگیراوەکان دەکات
بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، حکوومەت کێشەی زۆربەی پڕۆژەکانی وەبەرھێنانی لە ھەولێر چارەسەر کردووە و ئەوانەی ڕاگیرابوون ئێستا کاریان تێدا دەکرێت.
سامان عارەب، بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەولێر، ڕایگەیاند : ژمارەیەک پڕۆژە لەلایەن وەبەرھێنەرەکانیەوە تەواو نەکرابوون و کێشەیان تێدا بوو، بەڵام بە ھەوڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەی ئەو پڕۆژانە چارەسەر کراوە و لە ئێستادا پڕۆژەکانی فلۆریا سیتی و وەرین سیتی دراونەتە وەبەرھێنەری نوێ و کارکردن تێیاندا بەردەوامە، ھەروەھا پڕۆژەی دەشتی بەھەشتیش وەبەرھێنەری نوێی بۆ دیاریکراوە و لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی، ئەویش دەست بە تەواوکردنی دەکرێت.
بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەولێر جەختیش دەکاتەوە: ھەر ھاووڵاتییەک بەشدار بووبێت لە کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لەو پڕۆژانە، مافی پارێزراو دەبێت و حکوومەت پشتگیری دەکات، بۆ ئەوەی مافی پێ بدرێت لەناو پڕۆژەکە.
سەبارەت بە تاپۆکردنی یەکەکانی وەبەرھێنان، سامان عارەب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دوو ساڵە پڕۆسەی تاپۆکردنی یەکەکانی وەبەرھێنان دەستی پێکردووە و ژمارەیەک یەکە تاپۆ کراون، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت تێچووی تاپۆکردنیان کەم کراوەتەوە لەسەر ھاووڵاتیان و پڕۆسەکەش خێرا کراوە، بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە تاپۆکردنیان.
ئەم بابەتە 134 جار خوێندراوەتەوە