ساڵح موسلیم هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات
پەیامی کورد ... ساڵح موسلیم هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی ئاشکرای دەکات کە ئەمریکییەکان دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێیان راگەیاندوون پەلەتان کردووە، بەڵام جەختیش دەکاتەوە لەوەی پرۆسەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕیوەدەچێت و سەرلەنوێش ئامادەیی بۆ دانووستان لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد دووپات دەکاتەوە.
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا ڕەتیدەکاتەوە کە دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان پەیوەندی بە گوشاری ئەمریکا و هەڕەشەکانی تورکیاوە هەبووبێت و ڕایگەیاند، هۆکاری دواخستنی ئەمدواییەی هەڵبژاردنەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ویستویانە چاودێر و میوانی بیانی و عەرەب سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکەن، بەڵام ئەو دامەزراوانە کاتی زیاتریان پێویست بوو بۆ ڕێکخستنی ڕێکارەکانی گەشتکردن.
جەختیشیکردەوە لەوەی دواخستنەکە بەهۆی گوشاری ئەمریکا یان هەڕەشەکانی تورکیاوە نەبووە، “چوونکە ئەو لایەنە دوژمنکارە (تورکیا) دژی هەر هەنگاوێکی ناوخۆیی بۆ ڕێکخستنی کاروباری ناوچەکەمان دەوەستێتەوە”.
ووتیشی: “ئەم هەڵبژاردنە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت” کە بڕیارە مانگی ئابی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکاش لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ساڵح موسلیم دەڵێت: ووتیان “پێمانوایە لەو هەنگاوەدا پەلەتان کردووە”، جگە لەوە هیچی دیکەیان نەگوت، بەڵام نازانین مەبەستیان لەو پەلەکردنە چییە.
هاوسەرۆکی پەیەدە ڕەتیشی کردەوە خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هیچ پلانێکی بۆ جیابوونەوە لە سووریا هەبێت و ڕایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە بۆ ڕێکخستنی کاروباری ناوخۆیە.
مانگی ئایاری ڕابردوو بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی ناوەندی حیزبی بەعس دا ڕایگەیاند، حکوومەت دەیەوێت لە چەند مانگی داهاتوودا چارەسەرێکی سیاسی لەگەڵ خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بدۆزێتەوە.
لای خۆشیەوە، ساڵح موسلیم سەرلەنوێ ئامادەیی بۆ دانوستان و دیالۆگ لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، هەر لە سەرەتاوە داوای دیالۆگمان لەگەڵ هێزە سیاسییەکان کردووە، بە ڕژێمی فەرمانڕەواشەوە و لێدوانەکەی بەشار ئەسەد یشی بە “لێدوانێکی درووست” وەسف کرد.
ئەم بابەتە 29554 جار خوێندراوەتەوە