سزاکانی بانکی گازپرۆمی ڕووسیا لەلایەن ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی ووزەی تورکیا

پەیامی کورد   ...   سزاکانی بانکی گازپرۆمی ڕووسیا لەلایەن ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی ووزەی تورکیا

هەنگاریا ڕایگەیاند، بڕیاری ئەمریکا بۆ سزادانی بانکی گازپرۆم، ئاسایشی ووزەی بەشێک لە ووڵاتانی ئەورووپای ناوەڕاست دەخاتە مەترسییەوە و مەترسی پچڕانی پێشوەختەی دابینکردنی گازی سرووشتی ڕووسیا بۆ ئەم ناوچەیە زیاد دەکات.
پیتەر شیجارتۆ وەزیری دەرەوەی هەنگاریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم کارە هێرشێکە بۆ سەر سەروەری ئێمە. وەزیری وزە لەگەڵ وەزیرانی ووزەی تورکیا ، ئازەربایجان، بولگاریا و سربیا لە ئەستەنبووڵ پێداچوونەوە بە دۆخەکە دەکات.

لەگەڵ سلۆڤاکیا و نەمسا، هەنگاریا یەکێکە لەو ووڵاتە کەمانەی کە بۆ پێداویستییەکانی ووزە پشت بە هاوردەکردنی گازی بۆرییەکانی ڕووسیا دەبەستێت. ئەم ووڵاتانە بانکی گازپرۆم بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی پارەی ئەم گازە بدەن و سزاکان مەترسی ڕاگرتنی هاوردەکردنی گاز لە ڕووسیا زیاد دەکەن لە کاتێکدا نرخی گاز لە بەرزترین ئاستی ساڵی ڕابردوو نزیک بووەتەوە.

سزیجارتۆ لە کۆبوونەوەی ئەستەنبووڵ دا ڕایگەیاند، هەنگاریا سوپاسگوزاری تورکیا و بولگاریا و سربیایە بۆ دەستەبەرکردنی ترانزێتێکی زۆر سەقامگیر و متمانەپێکراو و سەلامەت. لە هەمان کاتدا ڕێگەیەک دەدۆزینەوە بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی دابینکردنی ووزەمان.

هەرچەندە ئەورووپا پشت بەستنی بە هاوردەکردنی گاز لە ڕووسیا کەمکردووەتەوە، بەڵام لەدەستدانی ئەو هاوردە بچووکانە بووەتە هۆی زیادبوونی کێبڕکێی جیهانی بۆ دابینکردنی گاز و نرخەکانی پێش وەرزی زستان بەهێزتر کردووە.

تا ئێستا نازانرێت لێکەوتەی دوایین سزاکانی ئەمریکا چی دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگ، کۆمپانیای ووزەی دەوڵەتی هەنگاری "MVM Group" ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە دەکات کە تا چەند و چۆن ئەم سنووردارکردنانە کاریگەرییان لەسەر کاروباری کۆمپانیاکە دەبێت.


ئەم بابەتە 83 جار خوێندراوەتەوە