سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و ڕووسیا

پەیامی کورد   ...   سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و ڕووسیا

ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ڕۆژی سێشەممە سزای نوێی بەسەر یەکێک لە ناوەندەكانی سەر بە سوپای پاسداران و ڕێکخراوێکی پەیوەندیدار بە دەزگای هەواڵگری سەربازی ڕووسیادا سەپاند و بە هەوڵدان بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤ تۆمەتباری كردن.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکادا هاتووە کە ئامانجی ئەم دامەزراوانە درووستکردنی گرژی کۆمەڵایەتی-سیاسی و کاریگەری لەسەر دەنگدەرانی ئەمریکی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا هەبووە.

وەزارەتی خەزێنەداری ڕایگەیاند كە ناوەندی دیزاینی مەعریفی سەر بە سوپای پاسداران، لە ساڵی ٢٠٢٣ بە بەرنامەوە بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە دزەی كردووە.

 هەروەها سەنتەری شارەزایی ژێئۆپۆلێتیكی کە بنکەکەی لە مۆسکۆیە، زانیاری ناڕاستی لەسەر کاندیدەکانی هەڵبژاردن بڵاوکردووەتەوە.

وەزارەتى خەزێنەداری هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە ناوەندەکە دەستکاری گرتەیەکی ڤیدیۆیی کردووە و "تۆمەتی بێ بنەما"ی لە دژی کاندیدێکی جێگری سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٢٤ بڵاوکردووەتەوە، بەڵام بە دیاریکراوی ناوی کاندیدەکەی نەهێناوە.

برادلی سمیس، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەداری لە پەیوەندی لەگەڵ تیرۆر و هەواڵگری دارایی، لەم بەیاننامەیەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکوومەتەکانی ئێران و ڕووسیا لە هەوڵی ئەوەدان پڕۆسەی هەڵبژاردن و دامودەزگاکانی ئەمریکا بکەنە ئامانج و بە کەڵک وەرگرتن لە زانیاری ناڕاست هەوڵی چەواشەکردنی دەدەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا بە وریایی لەبەرامبەر هەڕەشەکان بۆ سەر دیموکراسییەکەی دەمێنێتەوە.


ئەم بابەتە 114 جار خوێندراوەتەوە