سه‌ربه‌ست ئامێدی : پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌باشی به‌ڕێوه‌چوو

پەیامی کورد   ...   سه‌ربه‌ست ئامێدی : پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌باشی به‌ڕێوه‌چوو

سه‌رۆكی پێشووی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق پێی وایه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌، ده‌شڵێ: ڕێژه‌ی به‌شداری كردنی ده‌نگده‌رانیش جێگه‌ی دڵخۆشییه‌. 

سه‌ربه‌ست ئامێدی، سه‌رۆكی پێشووی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند: پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوانە به‌ڕێوه‌چووه‌ و ڕێژه‌ی به‌شداری ده‌نگده‌رانیش جێگه‌ی دڵخۆشییه‌، هه‌ندێ لایه‌نی به‌شداربووی پرۆسه‌كه‌ گله‌یی ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یش مافی خۆیانه‌. 

سه‌رۆكی پێشووی كۆمیسیۆن ووتیشی : له‌ چوارچێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ چەند گرفتێکی بچووک هەبوون، به‌ڵام له‌ ڕۆژی هه‌ڵبژاردن چارە کران، ئه‌و كه‌سانه‌ی گله‌یی ده‌كه‌ن ده‌توانن دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی تانه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كان بده‌ن، دوای پێداچوونه‌وه‌ش بڕیار له‌سه‌ر تانه‌كانیان ده‌درێت. 

له‌ باره‌ی نه‌خوێندنه‌وه‌ی په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ر، سه‌ربه‌ست ئامێدی ڕوونی كرده‌وه‌: سێ جۆر بوو، هه‌ندێكیان پێشتر په‌نجه‌ مۆریان تۆمار نه‌بووه‌ و ده‌رفه‌تی پێدراوه‌ 5%ی ده‌نگده‌ران بتوانن ده‌نگ بده‌ن، كۆمیسیۆن پێشتر 173 بنكه‌ی كردبووه‌وە، به‌داخه‌وه‌ ته‌نیا 24 هه‌زار ده‌نگده‌ر سه‌ردانی كۆمیسیۆنی كردبوو، جورێكی دیكه‌یان كێشه‌ی باركۆدی سه‌ر كارتی ده‌نگدانیان هه‌بوو، به‌شێكی دیكه‌یشیان به‌هۆی نه‌خۆشی شه‌كره‌ یان هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و كاركردنه‌وه‌ په‌نجه‌مۆریان كێشه‌ی هه‌بوو، ئه‌گه‌ر ئێواره‌ سه‌ردانی كۆمیسیۆنیان بكردایه‌ چارە ده‌كرا. 


ئەم بابەتە 5349 جار خوێندراوەتەوە