سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان کرد

پەیامی کورد   ...   سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان کرد

پاشنیوه‌ڕۆى چوارشه‌ممه‌ 2024/10/30 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانى كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌موو ئه‌و تیمانه‌ى كۆمیسیۆن كرد كه‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانیان كرد و سه‌ركه‌وتووانه‌ پرۆسه‌ى ده‌نگدانیان به‌ڕێوه‌ برد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى بۆ ئه‌رك و كارى كۆمیسیۆن و بۆ پشتیوانى و هاوكاری سه‌رۆك وه‌زیرانى فیدراڵ و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری عێراق دووپات كرده‌وه‌ و ستایشى خزمه‌ت و ماندووبوونیانى له‌ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى ده‌نگداندا كرد. هه‌روه‌ها داكۆكی له‌وه‌‌ كرده‌وه‌‌ كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر گرینگ بوو.

هەروەها  ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردن، ئه‌نجامى ڕۆڵ و په‌رۆشى و دڵسۆزى و هاوكاری كۆمیسیۆن بوو له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش، به‌گه‌رمى ده‌‌ستخۆشی لێ كردن و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن.

لاى خۆیانه‌وه‌ كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان، پیرۆزبایى سه‌ركه‌و‌تنى هه‌ڵبژاردنیان له‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و هه‌رێمى كوردستان كرد و ستایشى ته‌واوى پرۆسه‌كه‌یان كرد، كه‌ هه‌ر له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ تا به‌ڕێوه‌چوونى ده‌نگدان، پرۆسه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌ شێوه‌یه‌ك کە جارى یه‌كه‌مه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هیچ تانه‌یه‌كى سوور له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن تۆمار نادرێت.


ئەم بابەتە 41 جار خوێندراوەتەوە