سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا کرد

پەیامی کورد   ...   سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا کرد

نیوه‌ڕۆى پێنجشه‌ممه‌ 2024/5/9 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو ئەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ باڵیۆزى ئه‌مریكا له‌ عێراق و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ئاماده‌ى بوون، جه‌خت له‌ پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ، بره‌ودان به‌ دیموكراسى و ئازادییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕۆڵ و كاریگه‌ری ڕێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا بیروڕایان ده‌رباره‌ى هه‌ندێ تێبینى و كه‌موكوڕی له‌ بواره‌كانى مافى مرۆڤ و ئازادییه‌كاندا گۆڕییه‌وه‌ و هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرینگی به‌رده‌وامی هاوكاری هاوبه‌شى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى هه‌ردوولا بۆ باشتركردنى ئه‌و بوارانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها داكۆكییان له‌ بره‌ودان به‌ به‌ها هاوبه‌شه‌كان و پاراستنى مافى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كان كرده‌وه‌.

خاتوو زییا وێڕاى ده‌ربڕینى ستایش بۆ كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى و فره‌یى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌یی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى ووڵاته‌كه‌ى بۆ یارمه‌تیدانى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو بره‌ودان به‌ بواره‌كانى مافى مرۆڤ و ئازادییه‌كان و دیموكراسى و ڕۆڵى یاسا ده‌ربڕى و هه‌رێمى كوردستانى به‌ هاوبه‌شێكى گرنگى ئه‌مه‌ریكا له‌ قه‌ڵه‌م دا.

ڕه‌وشى ئێزدییان و گرینگی جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ بۆ ئاسایی كرده‌نه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ى ئاواره‌كان، ژیان و گوزه‌رانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كاندا، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.


ئەم بابەتە 53221 جار خوێندراوەتەوە