سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازی له‌ موسه‌ننا سامه‌ڕایى كرد

پەیامی کورد   ...   سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازی له‌ موسه‌ننا سامه‌ڕایى كرد

چوارشه‌ممه‌ 2024/10/30 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ‌ موسه‌ننا سامه‌ڕایى، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و سه‌رۆكى هاوپه‌یمانی عه‌زم له‌ په‌رله‌مانى عێراق، دۆخى گشتی ووڵات، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراقیان تاوتوێ كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا سامه‌ڕایى، پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى له‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كرد، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا ستایشى به‌رده‌وامی گفتوگۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرد و كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى کە چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوى عێراق دایه‌ و سه‌قامگیری ووڵات پته‌وتر ده‌كات.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا، ده‌رباره‌ى مه‌ترسییه‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، داكۆكییان له‌ تێوه‌نه‌گلانى عێراق له‌ كێشه‌ و شه‌ڕ و ململانێكانى ‌ناوچه‌كه‌ و دوورخستنه‌ى ووڵات له‌ لێكه‌وته‌كانى، كرده‌وه‌.


ئەم بابەتە 37 جار خوێندراوەتەوە