سهرۆكی حکوومەت سەرپەرشتی واژووکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانی لە نێوان بهریتانیا و هەرێمی کوردستانی کرد
پەیامی کورد ... سهرۆكی حکوومەت سەرپەرشتی واژووکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانی لە نێوان بهریتانیا و هەرێمی کوردستانی کرد
سێشەممە 9/3، مەسروور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێکی بەریتانی کرد، بە سەرۆکایەتی ئۆلیڤەر کریستیان، کۆمیسیاری شای بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاکستان.
لە دیدارەکەدا کە ئەندرو بیزلی، كونسووڵى گشتی شانشینی یەکگرتوو له ههرێمى كوردستان ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کرا. بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێناندا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی و هاوکاری بەردەوامی شانشینی یەکگرتووی کرد، بۆ هەرێمی کوردستان و خواستی پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەشی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
کۆمسیاری شای بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی، ئاماژەی بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد، کە دەرفەتی زۆر بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا هەیە.
پاشان بە چاودێری و سەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەت، ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا واژوو کرا، لە بواری پەرەپێدانی بازرگانی و دەستنیشانکردنی ئەو بوارانەی کە لە پێشینەن بۆ کارلەسەرکردن و پێشخستن و گەشەپێدانیان، وەک کشتوکاڵ و تەندرووستی و پێشخستنی توانا مرۆییەکان و تەکنەلۆجیا.
ئەم بابەتە 81445 جار خوێندراوەتەوە